ڤاڵا فەرید: هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا داوا لە سەرۆکی تەمەن دەکات بێ مەرج و کۆتوبەند بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی. جەختیش دەکاتەوە کە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکان نییە.

شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێک کە ئاراستەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کردووە، داوای دەستپێکردنەوەی بە پەلەی کۆبوونەوەی یەکەم و جێبەجێکردنی تەواوی رێکارە یاسایی و پێڕەوییەکانی کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە، دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرکێکی سەرەکی و دەستووریی سەرۆکی تەمەنە و، پێویستە بەبێ دانانی هیچ مەرج و کۆتوبەندێک ئەو ئەرکە راپەڕێنێت و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکە بگرێتە ئەستۆ.

ڤاڵا فەرید بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە لەم قۆناخەدا هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بوونی نییە و، رایگەیاندووە: هەر لایەنێک ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبێت، خۆی بەرپرسیارێتیی بەرامبەر مێژوو و خوێنی شەهیدان هەڵدەگرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دەڵێت: بفەرموون بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەم؛ ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە و کاراکردنەوەی پەرلەمان.