شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵی بۆ پرسی نەوت و بودجە سەردانی هەولێر دەکات
بڕیارە سبەی یەکشەممە، شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێر بکات، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی نەوت و تەواوکردنی رێکارەکانی بودجەی گشتیی ساڵی 2027.
شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، و بە بەشداریی باسم محەمەد، وەزیری نەوت، عەلی سەعدی، وەزیری کارەبا، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکەی حکوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندەکەی حکوومەتی عێراق، بڕیارە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سازبکەن.
دیلان بارزان ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە چڕکراوەتەوە لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی هەناردەکردن و رادەستکردنی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆ، جگە لە چارەسەرکردنی کۆی گرفتە داراییەکان و دابینکردنی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناو دەقی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027.