مونا قەهوەچی: هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە
"تەواوکردنی رێکارە یاسایییەکانی پەرلەمان ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە"
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا داوا لە سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دەکات، بە بێ مەرج و دواخستن بانگهێشتی ئەندامان بکات بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی. راشیدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکان نەماوە.
شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مونا نەبی قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کردووە، داوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکانی کرد.
مونا قەهوەچی لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی کۆبوونەوەی یەکەمی خولی شەشەم، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی یاسایی، نیشتمانی و ئەخلاقییە و پێویستە بە بێ دانانی هیچ مەرجێک و بەبێ دواخستن جێبەجێ بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان ئاماژەی بە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای پەرلەمان کرد و رایگەیاند: بەردەوامبوونی ناکارایی پەرلەمان زیانێکی راستەوخۆ بە دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتییان دەگەیەنێت و، لەم قۆناخەدا هیچ بیانوویەک ناتوانێت پاساوی دواخستنی زیاتری کۆبوونەوەکە بێت.
هەروەها مونا قەهوەچی داوای لە سەرۆکی تەمەن کرد، لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئەرکە یاسایییەکانی خۆیدا، بە زووترین کات بانگهێشتنامە ئاراستەی تەواوی ئەندامانی پەرلەمان بکات بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکە و یەکلاییکردنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی؛ هاوکات هۆشداریشی دا کە هەر لایەنێک ئامادەی بەشداری و جێبەجێکردنی ئەرکی پەرلەمانیی خۆی نەبێت، خۆی بەرپرسیاری تەواوی ئەو هەڵوێستە دەبێت لە بەردەم گەل، خوێنی شەهیدان و مێژوودا.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان بە تەواوی ئامادەین بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە، بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستوورییەی کە لەسەر شانمانە.