دوو پەرلەمانتاری کریستیان داوای بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی تەمەن کرد بۆ بانگهێشتکردنی فراکسیۆنەکان و داوایان لێکرد بەبێ هیچ مەرج و کۆتوبەندێکی پێشوەختە رۆژی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریی بکات تاوەکو پەیڕەوی ناوخۆ رێڕەوی سروشتیی خۆی وەربگرێت.

شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026،  جێمس حسدۆ هیدۆ و رامی نووری سیاوەش، دوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، پێشوازییان لە پەیام و هەڵوێستی ئەم دوایییەی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان کرد، کە ئامادەییی خۆی بۆ بانگهێشتکردنی فەرمیی فراکسیۆنەکان بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان دەربڕیوە.

لە پەیامە هاوبەشەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەدا هاتووە: ئێمە وەک دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن، دەستخۆشی لەو هەنگاو و دەستپێشخەرییە دەکەین و داوا لە بەڕێزتان دەکەین بەبێ دانانی هیچ مەرج و کۆتوبەندێکی پێشوەختە، رۆژی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستنیشان بکەن، تاوەکو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێڕەوی سروشتی و یاساییی خۆی بگرێتەبەر، هاوکات ئامادەییی تەواوی خۆشمان بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیە رادەگەیەنین.

هەردوو پەرلەمانتار جەختیان لە گرنگیی بە پەلە کەوتنەگەڕی پرۆسەی یاسادانان کردەوە و رایانگەیاند: هیوادارین بەڕێزتان و سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی کوردستان بخەنە سەرووی هەموو خواست و ناکۆکییەکی سیاسی، و بە زووترین کات دامەزراوەی پەرلەمان کارا بکەنەوە.