ترەمپ هەڕەشەی دووبارە هێرش کردنە سەر ئێران دەکات

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەگەری هەیە هێرشێک بکەینە سەر ئێران، ئەگەریش هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بگەینە رێککەوتنێکی گەورە و باش".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە: "بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەینەوە و رەنگە سبەی یاخود دوو سبەی رووبدات، بەڵام کاتی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاشکرا ناکەم. دڵنیا نیم ئایا ئێران رێککەوتنێک واژۆ دەکات یان نا، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئێمە براوە دەبین".

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ستراتیژییەکەی بەرامبەر تاران گوتی: "بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر مامەڵەم لەگەڵ ئێران کردووە، رەنگە ناچار بم ئەرکەکە کۆتایی پێ بهێنم یان لەوانەیە ئێرانییەکان بگەنە رێککەوتنێک".

لای خۆیەوە مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئێوارەی شەممە داوای کۆتاییهێنانی بە دۆخی نە جەنگ و نە ئاشتی کرد. پزشکیان روونیکردەوە، زۆرێک لە هاووڵاتییان لە سایەی پەرەسەندنی فشارە ئابوورییەکاندا بۆ دابینکردنی خۆراک تێدەکۆشن.

ئێران بەهۆی جەنگ و ئەو رێکارانەی لەسەر هەناردەی نەوت و بازرگانییەکەی سەپێنراون، رووبەڕووی پاشەکشەیەکی توندی ئابووری بووەتەوە.

هاوکات ئێوارەی شەممە میدیاکان بڵاویانکردەوە، ئێران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی پێشکەشی ئیدارەی ئەمریکا کردووە. پێشنیازەکە بریتییە لە کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران سەپاندوونی.

پێگەی عەرەبیی سعوودی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، ئێران بە پاکستانی راگەیاندووە ئامادەیە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەییی تاران بۆ گەڕانەوە بۆ رێڕەوی دیپلۆماسی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.

پێشنیازەکەی ئێران گەرووی هورمز و گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان دەخاتە سەرووی لیستی ئەو دۆسیانەی پێویستە دانوستانیان لەسەر بکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بوونە دیارترین خاڵی ناکۆکیی نێوان واشنتن و تاران.