پێکدادان لە بروکسل و خۆپیشاندان لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد
پۆلیسی بەلجیکا بۆ بڵاوەپێکردنی سەدان خۆپیشاندەر لە بروکسلی پایتەخت گازی فرمێسکڕێژ و سپڕای بیبەری بەکارهێنا، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران، کە زۆربەیان گەنج بوون، بۆ داواکردنی زیادکردنی بودجەی کەرتی پەروەردە هاتنە سەر شەقام و ئاگریان لە چەند پاسکیل و ماتۆڕسکیلێک بەردا.
پۆلیسی بروکسل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی 9 کەسیان دەستبەسەر کردووە؛ پێنج کەس بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و چوار کەسی دیکەش بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی قەدەخەکراو و هاندانی ئاژاوە. هاوکات پۆلیس جەختی کردەوە کە دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ رووداوێکی مەترسیدار تۆمار نەکراوە.
هاوکات لە چەند فڕۆکەخانەیەکی سەرەکیی ئەڵمانیا (وەک فرانکفۆرت، میونشن، لایپزیگ و بەرلین)، سەدان چالاکوان دژی دیپۆرتکردنەوەی داواکارانی پەنابەری و دروستکردنی ناوەندی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوە خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندەران و هاوپەیمانیی رێکخەری ناڕەزایەتییەکان داوای راگرتنی دەستبەجێی گەشتەکانی دیپۆرتکردنەوەیان کرد، بەتایبەت بۆ وڵاتی ئەفغانستان، هەروەها رەخنەیان لە ئیدارەی فڕۆکەخانەکان گرت کە ژێرخانی دیپۆرتکردنەوە فراوان دەکەن و سوودی لێ دەبینن. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا رایانگەیاند کە زۆربەی ئەوانەی ئەمساڵ دیپۆرتکراونەتەوە، کەسانی تاوانبار بوون.