وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردنەسەر ئێران رەتدەکاتەوە
یسرائیل کاتز: سوپای ئیسرائیل بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشی ئێران لە ئامادەباشیدایە
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئامادەکاریی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەر لە هەڵبژاردنەکان دەکەن. کاتز جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل بۆ هەر ئەگەرێکی هێرشی ئێران لە ئاستێکی بەرزی ئامادەباشیدایە.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "کان"ـی عیبری، ئەو قسانەی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئێران بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بە گێڕانەوەیەکی بێ بنەما ناو برد و گوتی: "راستییەکەی ئەوەیە ئێمە هیچ هەڵمەتێکی لەو شێوەیەمان نەبووە و ئێستا نییە".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل روونی کردەوە، ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپا بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری هێرشی ئێران. کاتز هۆشداری دا، رەنگە تاران بەهۆی ئەوەی بە هەڵسەنگاندنی نادروست وەسفی کرد، هەنگاوی سەربازی بنێت.
کاتز گوتی، ئەو هۆشدارییانەی ئیسرائیل ئاراستەی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوون لە چوارچێوەی ئامادەکارییە ئەمنییەکان و سەربازییەکاندان و تەنیا لێدوان نین. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئێمە لێدوانەکان بە هەڕەمەکی نادەین"، ئامادەکارییەکانیش مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری روودانی هێرش لە ناوخۆی ئیسرائیل دەگرێتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستە کە ئاماژەیە بۆ نیازی لایەنی نەیار بۆ هێرش و کردەوەی توندوتیژ بە مەبەستی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو لایەنانە بکات یان وردەکاریی زیاتر لەبارەی سروشتی هەڕەشەکان بخاتە روو.
لە کۆتاییدا کاتز دووپاتی کردەوە، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەیی خۆی لە هەردوو بواری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی بەرز کردووەتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز لە ئەگەری روودانی هەر هێرشێک دەربڕی.