سەرۆکی کاروباری حەرەمەین: ئاسایشی مەککە و مەدینە هێڵی سوورە

عەبدولڕەحمان سودەیسی، سەرۆکی کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر، هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر مەککە و مەدینە ئیدانەکرد.

سودەیسیلەو بارەیەوە گوتی: "ئەم کارە تاوانکارییانە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ پیرۆزییەکانی مەککە و مەدینە، هەروەها پێشێلکردنی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامییە کە دەستدرێژی و تێکدانی پیرۆزییەکانی قەدەخەکردووە و پاراستنی ئاسایش و شکۆیانی بە ئەرک داناوە".

سەرۆکی کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر روونیکردەوە، دووبارەبوونەوەی هێرشکردنە سەر مەککە و مەدینە، سروشتی تاوانکاری و نییەتە گڵاوەکانی ئەم میلیشیا تیرۆریستییەی بەرامبەر بە موسڵمانان دەردەخات و بێڕێزییان بەرامبەر بە پێگەی حەرەمەکان لە دڵی موسڵماناندا ئاشکرادەکات. سوودیسی جەختیکردەوە، ئەم دەستدرێژییانە پێچەوانەی بنەما و بەها پیرۆزەکانی ئیسلامن و بێ بوونی هیچ بەزەیی و ویژدانێک، پێشێلکارییە بۆ سەر پیرۆزییەکان.

سودەیسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکان، هاووڵاتییان و دامەزراوەکان تاوانێکی قەدەخەکراوە لە شەریعەتدا و لە رووی مرۆییشەوە ئیدانەکراوە، هەروەها دژ بە پەیماننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە". ئەو بەرپرسە دووپاتیکردەوە، "بە ویستی خودا ئەم دەستدرێژییانە کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی سعوودیە نابێت، تەنیا ئیرادەی سەرکردایەتی و گەلی وڵاتەکە بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و دڵنیابوون لە ئاسایشی حەرەمەکان و سەلامەتی سەردانیکەرانیان زیاتردەکات."

سودەیسی ستایشی هەوڵەکانی سەرکردایەتی وڵاتەکەی کرد لە پاراستنی حەرەمەکان و بەرگرییکردن لە پیرۆزییەکانی موسڵمانان. جەختیکردەوە، ئاسایشی حەرەمەکان هێڵێکی سوورە و رێگە نادرێت کەس دەستدرێژیی بۆ بکات، سعوودیەش لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لە خزمەتکردنی حەرەمەکان و پاراستنی پیرۆزییە ئیسلامییەکان بەردەوامدەبێت.

دوێنێ شەممە، بەرگریی شارستانیی سعوودیە رایگەیاند، بەهۆی تێکشکاندنی دوو مووشەکی بالیستییەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەکرابوون، پارچەی مووشەکەکان لە مەککە و مەدینە کەوتوونەتە خوارەوە.