سەرۆکوەزیران بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەک لە زاخۆ دادەنێت
بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و راگەیاندنی کاروانێکی نوێی پڕۆژەی ستراتیژی لە کەرتەکانی ئابووری، بازرگانی و گەشتیاری، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران چەندین وێستگەی گرنگ لەخۆدەگرێت؛ لە بەشی یەکەمی بەرنامەی سەردانەکەیدا و بە ئامادەبوونی خۆی، لقی کۆمپانیای نیسان و چەند پڕۆژەیەکی بازرگانی لە زاخۆ دەکرێنەوە، کە ئامانج لێیان فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و رەخساندنی دەرفەتی کاری نوێیە بۆ گەنجانی سنوورەکە.
هاوکات لە کەرتی گەشتیاریدا، بڕیارە بەردی بناخەی پڕۆژەی گەورەی "مارمۆنتانا" لە گەلیی زاخۆ دابنرێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و گوژمەکەی نزیکەی 120 ملیۆن دۆلارە. رووبەری پڕۆژەکە هەشت هێندەی کۆڕنیشی زاخۆ دەبێت و پێکهاتووە لە کۆمەڵگەی هۆتێل و مۆتێل، نەخۆشخانە و شوێنی گەشتیاریی سەردەمیانە، کە بە تەواوبوونی، سیمایەکی پێشکەوتوو بە ناوچەکە دەبەخشێت.
بەگوێرەی پلانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورانە، ژمارەی گەشتیاران لە سنوورەکە بۆ دوو ملیۆن گەشتیار لە ساڵێکدا بەرز دەبێتەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا، مەسرور بارزانی دوای بەشداریکردنی لە خوانی نیوەڕۆ لەگەڵ خەڵک و کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە، پاشنیوەڕۆ سەردانی مەیدانیی کۆڕنیشی زاخۆ و پڕۆژەی وەبەرهێنانی "تۆگا پۆرتۆ مارینا" دەکات، کە لە زنجیرەیەک کافێ و چێشتخانەی براندی جیهانی پێکدێت و ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی جێبەجێکردندایە.
لە دوای 20ـی ئەیلوولی 2021ـەوە کاتێک لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بڕیاری بە ئیدارەی سەربەخۆکردنی زاخۆ درا، ڕەوتێکی خێرای ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکردووە؛ بە شێوەیەک تا ئێستا 445 پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراون و 90 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان، هاوکات مۆڵەت بە 34 پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنانیش دراوە. ئەم پڕۆژە نوێیانەش ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە بووژاندنەوەی ئابووریی زاخۆ و ڕەخساندنی سەدان دەرفەتی کار بۆ دانیشتووانی دەڤەرەکە.