سەرۆکوەزیران بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەک لە زاخۆ دادەنێت

زاخۆ
زاخۆ

سیمای ئابووری و گەشتیاریی زاخۆ لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کاروانێکی نوێی پڕۆژەی ستراتیژییەوە دەچێتە سنوورەکە. ئەو سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاریی ناوچەکەدایە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، لقێکی کۆمپانیای نیسان لە زاخۆ دەکرێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە، فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر، بۆ دانیشتووانی سنوورەکەیە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی مەیدانیی کۆڕنیشی زاخۆ و پڕۆژەی وەبەرهێنانی تۆگا پۆرتۆ مارینای دەکات. ئەو پڕۆژە گەشتیارییە، کە لە زنجیرەیەک کافێ و چێشتخانەی براندی جیهانی پێکدێت، ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە.

ئەو پڕۆژانە گۆڕانکاریی لە سیمای ئابووری و گەشتیاریی زاخۆ دروست دەکەن. جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە، پێگەی زاخۆ وەک ناوەندێکی سەردەمییانەی وەبەرهێنان بەهێزتر دەکات و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبێت.

 20ـی ئەیلوولی 2021، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا، بڕیاری بە ئیدارەی سەربەخۆکردنی زاخۆی بە فەرمی دەرکرد.

دوای راگەیاندنی ئەم بڕیارە، رەوتێکی خێرای ئاوەدانکردنەوە لە سنوورەکە دەستیپێکردووە. تا ئێستا 445 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە زاخۆ جێبەجێ کراون و 90 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان. هاوکات 34 پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان بە گوژمەی جیاواز لە سەرجەم کەرتەکاندا مۆڵەتیان وەرگرتووە.