سعوودیە هێرشێکی مووشەکی و درۆنی حووسییەکانی تێکشکاند

سعوودیە هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ریاز تێکشکاند، و حووسییەکانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە و باشووری یەمەن راگەیاند.

یەکشەمە، 25ـی تسرینی یەکەمی 2026، دەسەڵاتدارانی سعوودیە رایانگەیاند، مووشەکێکی بالیستی و درۆنێکیان لە ئاسمانی ریاز تێکشکاندووە، کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ئەو شارە کرابوون، بەرگریی شارستانیی سعوودیەش رایگەیاندبوو، پاشماوە و پارچەی دوو مووشەکی بالیستیی دیکە، کە حووسییەکان بەرەو مەککە و مەدینە هەڵیان دابوون، لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سعوودیە روونیکردەوە، تێکشکاندنی مووشەکەکان بووە هۆی کەوتنی بەشێک لە پارچەکان لە وادی مەغمەس لە رۆژهەڵاتی مەککە، هەروەها پارچەکانیان لە گەڕەکی نەزهە لە پارێزگای جەددە، وادی جەلیل لە پارێزگای تائیف و ناوەندی مەستوورە لە پارێزگای رابغ کەوتوونەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆیتەرز لە زاری حووسییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەوان حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەکان، دامەزراوە نەوتییەکان و بنکەیەکی ئاسمانی لە سعوودیە کردووە.

حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشەکانیان فڕۆکەخانەکانی ریاز، دەمام و نەجران، بنکەی ئاسمانیی خەمیس مەشیت، کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبووع، پاڵاوگەی نەوتیی رابغ و بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا کردووەتە ئامانج.

سەبارەت بە دۆخی یەمەن رایانگەیاند، گرووپی حووسییەکان دوو مووشەکیان ئاراستەی پارێزگای لەحج لە باشووری یەمەن کردووە، بەگوێرەی هەندێک سەرجاوەی ناوخۆیی یەمەن، مووشەکێکیان بنکەیەکی هێزەکانی حکوومەتی یەمەنی لە ناوچەی وەهت کردووەتە ئامانج و مووشەکێکی دیکەش لە نزیک گەڕەکێکی نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە.

حکوومەتی یەمەن رایگەیاند، حووسییەکان بارەگای هێزی پاسەوانی کەناراوەکانیان لە عەدەن بە سێ مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج. وەزارەتی ناوخۆی یەمەنیش روونیکردەوە، دوو مووشەک بارەگای پاسەوانی کەناراوەکانیان لە دیوانی وەزارەت پێکاوە، لەکاتێکدا مووشەکی سێیەم باڵەخانەی پاسەوانی کەناراوەکانی لە ناوچەی تەواهی لە عەدەن کردووەتە ئامانج.