رێکارەکانی دەستنیشانکردنی قایمقامی نوێی شنگال بەردەوامن

بە مەبەستی دەستنیشانکردنی قایمقامی نوێی شنگال، تا ئێستا نۆ کەس سیڤی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکە کرابووەوە و رۆژی پێنجشەممە دەرگای خۆکاندیدکردن داخرا. 

هەفتەی رابردوو لە رۆژی یەکشەممەوە تا پێنجشەممە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال کرابووەوە و چەند مەرجێکی تێدا دەستنیشان کرابوو کە دیارترینیان بریتیبوون لە: 

- دەبێت خەڵکی پارێزگای نەینەوا بێت. 
- تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت. 
- دەبێت رابردووی پاک بێت، واتە سەر بە حزبی بەعس نەبووبێت. 
- دەبێت 10 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت. 
- چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ناوی کاندیدەکان دەربچن. 

هەروەها، ئەندامێکی ئەنجوومەنی قایمقامیەتی نەینەوا هەفتەی رابردوو بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، لە بەروارێکی نزیکدا دەنگدان لەسەر قایمقامی نوێ بەڕێوەدەچێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستنیشان بکرێت و ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاش رایگەیاندبوو کە قایمقام خۆی خەڵکی شنگال دەبێت. 

لەم بارەیەوە، رۆژی پێنجشەممە، لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد و تێیدا داوای راگرتنی دەستبەجێی رێکارەکانی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستەکانی قایمقامی قەزای شنگال و ناوچەی باکوور کرد، هەروەها هۆشداری دا لە بوونی سەرپێچی دەستوری و یاسایی.

بە گوێرەی نووسراوەکە، لیژنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەو دوو پۆستە نایاساییە، چونکە پۆستەکان چۆڵ نین و بڕیاری دادوەریی یەکاتکەر لە دادگای کارگێڕی و دادگای کارگێڕی باڵا دەرچوون کە سەلماندوویەتی هەریەکە لە (سيدو خيري) و (داود جندي) بە شێوەیەکی یاسایی هەڵبژێردراون.

لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گۆڕینی بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان یان لادانیان لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکانی تایبەت بە لێپرسینەوە و لەکارلادان رێگەپێدراو نییە، لە یاسای پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێم ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراودا هاتووە. هەروەها راشیگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش بۆ بەدواداچونی ئەم دۆسیەیە پێکهێنراوە.