ئۆباما: ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (وێنە: AFP)
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (وێنە: AFP)

باراک ئۆباما بەرگریی لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و هۆشداری دەدات، ئیدارەی ترەمپ سەربازانی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە و بەبێ لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمز، بنکەکانی ئەمریکای رووبەڕووی وێرانبوون کردووەتەوە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە میانی کەمپەینی بانگەشەی دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆ، بۆ هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس، رایگەیاند، "ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە لەبەر ئەوەی من رێککەوتنم لەگەڵیاندا کرد و هیچ مووشەک و بۆمبێکم بەکارنەهێنا".

لەبارەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرانبەر بە تاران، ئۆباما گوتی، ئیدارەی ترەمپ هەڵەیەکی زۆر گەورەی کردووە، لەبەر ئەوەی جەنگێکی دژی ئێران هەڵگیرساند و بەو هۆیەوە چەندان سەربازی ئەمریکی کوژراون.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە بنکە سەربازییەکانیان وێران کراون و کۆگای مووشەکیی ئەمریکا کەم بووەتەوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە ئێران هێشتا کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لە دەستدایە.

لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی دەسەڵاتی باراک ئۆباما، وڵاتانی زلهێزی جیهان رێککەوتنێکی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکە رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە بەرانبەر سووککردنی سزاکان؛ بەڵام لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای تووندی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندەوە.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ بووە هۆی هەڵکشانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و ئوردن چەندین جار لە لایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی کراونەتە ئامانج، لە ئەنجامدا چەندین سەربازی ئەمریکی کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون.