سەرۆکوەزیران دوو پڕۆژەی گرنگی لە زاخۆ کردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو پڕۆژەی (گۆڵدن گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت) و (مۆتۆر پلێکس عێراق)ـی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە. 

پڕۆژەی (گۆڵدن گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت)

پڕۆژەی (گۆڵدن گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت) لقی سەرەکیی دابەشکردنی ئۆتۆمبێلەکانی نیسان و راهێنانی کارمەندانە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق. مانگانە نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی نیسان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە دەگەنە ئەم لقە و لەوێوە بەسەر شارەکانی عێراقدا دابەش دەکرێن. 

گوژمەی پڕۆژەکە 20 ملیۆن و 155 هەزار دۆلارە و 357 هەلی کار دەڕەخسێنێت، ماوەی جێبەجێکردنیشی سێ ساڵە. پڕۆژەکە چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێل، ناوەندی پشکنینی ئۆتۆمبێل، کارگەی بەرگی کوشنی ئۆتۆمبێل، ناوەندی کۆنترۆڵی جۆری، کۆگای پارچەی یەدەگ، کارگەی فەرشی پلاستیکی و شوێنی بارگاویکردنەوەی کارەبایی.

پڕۆژەی (مۆتۆر پلێکس عێراق)

 گوژمەی ئەم پڕۆژەیە دەگاتە 15 ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەری 89 دۆنم زەوی دروست دەکرێت.

 پڕۆژەکە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی وەرزشی و گەشتیاری و لە چەند بەشێک پێکدێت، لەوانە مۆزەخانەی ئۆتۆمبێل، شوێنی نمایشی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل، دروستکردنی شوێنی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێل و چێشتخانەیەکی کراوە، هەروەها دەبێتە هۆی رەخساندنی دەیان هەلی کار بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە.