سەرۆکی پێشووی مۆساد: 99.9%ی سیخوڕەکانی مۆساد ئاشکرا نەبوونە و هەندێکیان تا ئێستاش لە تاران دەژین
دەڤید بارنیا، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، وردەکاریی نوێی لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران و پەیجەرە تەقێنراوەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی 2024 ئاشکرا کرد، جەختیشی کردەوە کە مۆساد بە ئەنقەست ڤیدیۆی ئۆپراسیۆنەکانی لە ناوخۆی ئێران بڵاوکردووەتەوە تا دەزگا ئەمنییەکانی تاران بە گرتنی بەکۆمەڵ سەرقاڵ بکات و رێگریی لە ئاشکرابوونی سیخوڕە راستەقینەکانی بگرێت.
لە میانی وتارێکیدا لە کۆنگرەی (Priority Summit)، دەڤید بارنیا رایگەیاند لە بەیانیی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی "شەڕی 12 رۆژە" (Operation Rising Lion) لە حوزەیرانی 2025 دژی ئامانجە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، مۆساد بە ئەنقەست ڤیدیۆیەکی فەرمی چالاکییەکانی بە لۆگۆی دەزگاکەوە بڵاوکردەوە.
بارنیا گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوکردنەوەی خێرای ڤیدیۆکە پاراستنی ئەو سیخوڕانە بوو کە لەوێ بوون. دەمانویست دەستگیرکردن لە ئێران ئەوەندە زۆر بێت کە نەتوانن کای کۆن لە گەنم جیابکەنەوە و لە کۆتاییدا ناچار بن هەمووان ئازاد بکەن، کە رێک ئەوەش روویدا."
بەگوێرەی وتەی بارنیا، لە رۆژی دووەمی شەڕەکەدا دەسەڵاتدارانی ئێران 21 هەزار کەسیان دەستگیرکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی بەڵگەیان لەسەر نەبوو و وتەی هەموویان وەک یەک بوو، لە کۆتاییدا ئازادیان کردن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەوانەی لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون، هەرگیزاوهەرگیز پەیوەندییان بە مۆسادەوە نەبووە و خەڵکی بێتاوان بوون. بارنیا جەختی کردەوە کە 99.9%ی سیخوڕەکانی مۆساد ئاشکرا نەبوون و هەندێکیان تا ئێستاش لە تاران دەژین.
10 خولەک پێش تەقینەوەی پەیجەرەکان؛ بارنیا و ناتانیاهۆ
لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، سەرۆکی پێشووی مۆساد باسی لە خولەکەکانی پێش جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و بێسیمی ئەندامانی حزبوڵڵا لە ئەیلوولی 2024 کرد.
بە گوتەی بارنیا، کاتژمێر 3:20ی پاشنیوەڕۆ لە ناوەندێکی بڕیاردانی ژێرزەمینی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا دانیشتبوو، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئۆپراسیۆنەکە کاتژمێر 3:30 دەست پێبکات.
بارنیا گوتی: "10 خولەک پێش دەستپێکردن، نەتانیاهۆ رووی تێکردم و گوتی: 'پێم بڵێ ئەگەر کارەکە سەری نەگرت چی روودەدات؟'، دڵم بە خێرایی لێی دەدا و پێم گوت: هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە نییە و هەموو شتێک باشە، بەڵام بۆ ماوەی 10 خولەک بەخۆمم دەگوت ئەمە چی قسەیەک بوو کردم!"
هەروەها گوتیشی، دوای ئەوەی کات بووە 3:30، ئامادەبووان چاوەڕێی بیستنی هەواڵی راستەوخۆ بوون، بەڵام ئەنجامەکان تەنیا دوای نیو کاتژمێر لە رێگەی سەرچاوە هەواڵگرییەکان و مۆنیتەری دەزگا راگەیاندنەکانەوە پشتڕاست کرانەوە.
بارنیا ئاشکراشی کرد، پێش جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی پەیجەرەکان، سەدان تاقیکردنەوەیان لەسەر پەیکەری دەستکرد ئەنجامداوە تا بڕی تەقەمەنی ناو ئامێرەکان کەم بکرێنەوە.
ناوبراو گوتی: "من لەسەر ناوی دەوڵەتی ئیسرائیل نەمدەتوانی ئەوە قبوڵ بکەم کە کچ، کوڕ یان هاوسەری چەکدارێکی حزبوڵڵا زیانی بەربکەوێت. هەرچەندە تیمی پلانڕێژ هۆشدارییان دەدا کە کەمکردنەوەی تەقەمەنی کاریگەریی ئۆپراسیۆنەکە کەم دەکاتەوە، بەڵام گوتم ئێمە هێڵی سوورمان هەیە."
بارنیا گوتیشی: "ئێستا 4500 کەس لە زاحییەی بەیرووت بەبێ پەل (دەست و قاچ) دەسوڕێنەوە، ئەوەش باشترین بیرخەرەوەی بەردەوامە بۆ حزبوڵڵا کە ئەنجامی هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی ئیسرائیل چییە."
لە کۆتاییدا، دەڤید بارنیا دانی بەوە دانا کە ئیسرائیل پێش هێرشە مووشەکییە راستەوخۆکانی ئێران لە نیسان و تشرینی یەکەمی 2024، ترسی لە توانای سەربازیی تاران هەبووە.
بارنیا گوتی: "دەبێت راستییەکە بڵێین؛ پێش ئەو هێرشانە، ئیسرائیل پاشەکشەی کردبوو و ترسێنرابوو، چونکە بەرپرسانی ئیسرائیل زانیارییەکی روونیان لەسەر رادەی کاریگەریی مووشەکە دووربڕ و وردەکانی ئێران و توانای بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەیان نەبوو"، بەڵام ئەو هێرشانەی ئێرانی بە "دوو هەڵەی ستراتیجیی مێژوویی" تاران وەسف کرد کە بووە هۆی رەواندنەوەی ئەو نادیارییە بۆ سوپای ئیسرائیل.