مەسرور بارزانی: پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاریی، گەورەترینە لەسەر ئاستی عێراق

 سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری دەبێتە هۆی بووژانەوەیەکی گەورەی کەرتی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی کار.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری دانا و گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا، ئەم پڕۆژەیە گەورەترینە لەسەر ئاستی عێراق و دەبێتە هۆی گەشەکردنی کەرتی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. هەروەها باسی لەوە کرد، حکوومەت لە پێناو هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات، ئاسانکاریی تەواو بۆ کەرتی تایبەت دەکات.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد، پاکوخاوێنیی ژینگە بپارێزن و خاکی کوردستان بە پیرۆز بزانن، لەبەر ئەوەی خوێنی شەهیدانی لەسەر رژاوە. هاوکات نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە سنوورییەکان، هێشتا نەیانتوانیوە بەشێک لە گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە.

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: 

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

خوشك و برایانی هێژا

ئامادەبوانی قەدرگران

هەموان بەخێر بێن، من زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵ ئێوە ئەمڕۆ بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی گەشتیاریی ستراتیژی كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق نموونەیە و پرۆژەیەكی مەزنە. بەخێرهاتنێكی گەرمی ئێوە هەموان دەكەم و من خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەم پرۆژەیە دادەنێین و من پشتڕاستیشم كە پاش تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، دەبێتە هۆی گەشەكردنی زیاتری كەرتی گەشتیاری لە دەڤەری بادینان و لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی. 

دەستخۆشی لە كۆمپانیای (مارمۆنتانا) دەكەم و برای ئازیز حاجی سامان بۆ ئەم كارە باشەی كە كردوویەتی و دەستخۆشیی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەكەم بۆ ئەو ئاسانكارییانەی كە كردوویانە و بۆ هاریكارییان بۆ راكێشانی وەبەرهێنەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. دەستخۆشی لە خەڵكی زاخۆ دەكەم بۆ پشتیوانیی بەردەوامی ئەوان و بۆ ئەو خۆشەویستییەی كە نیشانیان داوە بۆ ژینگەی خۆیان، بۆ شاری خۆیان و بۆ وڵاتی خۆیان، بە حەقیقەت جێی دەستخۆشی و جێی شانازییە. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی خۆی و بە هاریكاریی كەرتی تایبەت، گرنگی و بایەخێكی زۆری بە كەرتی گەشتیاری داوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان فرەجۆر ببێت و سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان زیاد ببن.

هەرێمی كوردستان، بە تایبەت دەڤەری بادینان لە ڕووی گەشتیارییەوە زۆر شوێنی خۆش و جوانی هەیە و پێگەیەكی گرنگیشی هەیە، هەروەها دەرفەتی زۆر باشیشی تێدا هەیە كە دەبێتە یەكێك لە سەرچاوە هەرە گرنگەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان و گەلێك دەرفەتی كاریش بۆ خەڵكی ئێمە و بۆ گەنجانی ئێمە بەردەست دەكەن.

كوردستان خاوەن سروشتێكی زۆر جوانە و زۆریش دڵگیرە. من پێش ماوەیەك هاتمە زاخۆ و سەردانی زۆر شوێنی گەشتیاریم كرد، بە حەقیقەت جێی زۆر جوان و خۆش هەیە، لە هەموویشی دڵخۆشكەرتر باوەڕ بكەن من نەمبینی هیچ زبڵ فڕێ درابێتە سەر ڕۆخی شەقامەكان كە ئەمەش جێی دەستخۆشییە. 

من هیوادارم خەڵكی ئێمە سوود لەو پرۆژە گەشتیارییانە وەربگرن، میوانیش دێنە ئێرە، ڕێز لە میوانان بگرن و داخوازیی ئێمە ئەوەیە كە ئەوانیش ڕێز لە ژینگەی هەرێمی كوردستان و لەو پرۆژانە بگرن، پێكەوە ئێمە بتوانین هەنگاوی باشتر بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی ئەم دەڤەرە بهاوێژین.

لە سەردەمانی پێشوودا بەداخەوە زۆر زیان بە سروشتی كوردستان گەیشتووە و گەلێك گوندی ئێمە وێران كراون، هەتا ئێستاش لەبەر ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان و نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایش و تەناهی، بە تایبەتی هەندێك خاڵی سنووری، هەموو جێیەك ئاوەدان نەكراونەتەوە، هیوای ئێمە ئەوەیە كە بە زووترین كات ئەو جێیانەش ئارامی و سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە و ئەوەش جارێكی دیكە ببنە بەشێك لە پرۆژە گەشتیارییەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پرۆژەی وەك ئەوەی ئێستا ئێمە دەبینین، لەو جێیانەش بكرێن. 

جگە لەوەی كوردستان سروشتێكی جوانی هەیە، لە لایەنی مێژووییشدا زۆر جێی مێژوویی و سەرنجڕاكێش هەن لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان، لە دهۆك، لە زاخۆ، لە ئامێدی، لە ئاكرێ، لە سێمێل، لە بەردەڕەش، پێویستە من ناوی هەموو جێیەك بڵێم چونكە هەندێك برادەر بەڵكوو، لە باتیفا، لە كانی ماسی، گرنگ دەڤەری بادینان بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام دیسان لە هەولێر، لە سۆران، لە ڕواندز، ئەشكەوتی شانەدەر، قەڵای هەولێر خۆی، زۆر جێی سەرنجڕاكێش هەن، خنس، زۆر جێ هەن وەك شوێنەواری مێژوویی خەڵك دەتوانن بێن سوودی لێ ببینن، لە دەڤەری گەرمیان، سلێمانی، ڕانیە، لە قەڵادزێ، زۆر جێی مێژوویی هەن كە خەڵك دەتوانن بچن سەردانی ئەوانە بكەن.

سەرەڕای شوێنەوارە مێژووییەكان، زۆر جێی ئایینیش هەن وەك مزگەوت و كەنیسە و پەرستگە، كە دەتواندرێت ئەو شوێنە ئایینییانەش ببنە هۆكارێك بۆ سەردانی خەڵكێك لە دەرەوە و ناوخۆ بێن سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو جێیانە بكەن. لەبەر ئەوە كوردستان لە باریدا هەیە كە زیاتر گرنگیی بە كەرتی گەشتوگوزاری بدات و ئەو پرۆژانە زۆرتر جێبەجێ بكەن و دەرفەتی كاریش بۆ خەڵكی دەڤەری زیاتر هەبن، ئەوانیش دەتوانن هەم ئاستی ژیانی خۆیان باشتر بكەن و هەم ئاستی كوالێتیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی ناوچەكە زیاتر بكەن.

ئەوەی لەسەر حكومەتیشە ئەوەیە كە حكومەت هاریكارییەكی زیاتر بكات، ئاسانكاریی زیاتر بكات لە پێدانی مۆڵەت و لە هاریكاریكردنی ئەو پرۆژانە هاوكاریی بكات و چ پێویست بێت بۆ ئەوەی پرۆژەی هاوبەشیش ئەگەر هەبن، دیسان حكومەت هاریكار بێت تا زیاتر ئێمە گرنگیی بە هەمەجۆركردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدەین.

لە زۆر بواردا حكومەت ئاسانكاری كردووە، بە تایبەتی دروستكردنی رێگەوبان یانیش زیادكردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی هەم بۆ دامەزراندنی كۆمپانیا، هەم بۆ خزمەتگوزاریی رۆژانەی خەڵكی ئێمە كاتێك دێن ئیشی خۆیان راپەڕێنن، ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە دەكرێ زۆر هاریكار بن تاوەكوو كۆمپانیاكان بە زووترین كات كاری خۆیان بەڕێوە ببەن و هەم خەڵكیش زیاتر سوود لە خێرایی ئەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن.

لە كۆتاییدا داخوازیی من لە هەموو هاووڵاتیان و لە گەشتیارانی بیانیش كاتێك دێنە ئێرە ئەوەیە كە ڕێز لە سروشتی هەرێمی كوردستان بگرن، لەو پرۆژانە بگرن و پاقژی بپارێزن، چونكە بەڕاستی بە نسبەت ئێمە، لە هەرێمی كوردستاندا جگە لەوەی پاقژی سروشتەكەمان جوانتر رادەگرێت، بەڵكوو هەر بستێكی خاكی ئێمە بۆ ئێمە موقەدەسە، چونكە خزمەت و خەبات و زەحمەتێكی زۆر بۆ پاراستنی ئەم خاكە ئەنجام دراوە، خوێنی شەهیدانی ئێمە لەسەریدا ڕژاوە، بۆیە پاقژڕاگرتنی خاكی ئێمە و وڵاتی ئێمە ئەركە و هێڤیی من ئەوەیە كە هەموان ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن و سروشتی خۆتان بە پاقژی رابگرن، ئینشائەڵا هەر تەندروست و سەلامەت دەبن.

بۆ ناوی پرۆژەكەش من پێشنیازێك دەكەم، ئێوەی زاخۆیی، كاتێك كەسێك زاخۆ بێت پێی دەڵێن زاخۆییە، وا نییە؟ ئەمەش گەلی زاخۆیە، زاخۆ گەلی یانیش بە ئینگلیزیش (Zaxo Valley ) واتە ئەگەر ئێوە هەمووی بكەن بە (زاخولی)، بیكەن بە پرۆژەی زاخولی، گەلێك ناوێكی گونجاوە بە بۆچوونی من، ئەگەر ئێوە پێتان خۆش بێت، ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. گەلێك سوپاس.