مەسرور بارزانی: پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاریی، گەورەترینە لەسەر ئاستی عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری؛ گوتارێکی پێشکەش کرد.
بەشێکی قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خودای گەورە و مێهرەبان
خوشک و برایانی هێژا
ئامادەبووانی قەدرگران
هەمووتان زۆر بەخێربێن
زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵتان بەشدارم لە دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی ستراتیژی، کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نموونەیە و گەورەترین پڕۆژەیە. بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم. بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم و خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەم پڕۆژەیە دادەنێین.
من دڵنیام دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆی گەشەکردنی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە دەڤەری بادینان و لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی. دەستخۆشی لە کۆمپانیای مارمۆنتانا دەکەم، برای عەزیز، حاجی سامان بۆ ئەم کارە باشەی کە کردوویەتی. دەستخۆشی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم بۆ ئەو ئاسانکارییەی کە ئەنجامیان داوە و هاوکارییان بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
دەستخۆشی لە خەڵکی زاخۆ دەکەم بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکەیان و بۆ ئەو خۆشەویستییەی کە نیشانیان داوە بۆ ژینگەکەیان، شارەکەیان و وڵاتەکەیان، بەڕاستی جێگەی دەستخۆشی و شانازییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی خۆیدا، بە هاوکاری کەرتی تایبەت گرنگی و بایەخێکی زۆری داوە بە کەرتی گەشتیاری. ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان فرەجۆر بێت و سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببن.
هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەڤەری بادینان لە رووی گەشتیارییەوە گەلێک شوێنی خۆش و جوانی هەیە و پێگەیەکی گرنگیشی هەیە، کە شایستەیە و دەرفەتی زۆر باشیش هەیە کە بتوانێت ببێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان. هەروەها زۆر هەلی کاریش بۆ خەڵکی ئێمە و گەنجانی ئێمە بڕەخسێنێت.
کوردستان خاوەنی سروشتێکی زۆر جوانە و زۆریش دڵڕفێنە. پێشتر، ئەم بەهارەش کاتێک هاتمە زاخۆ، سەردانی زۆر لەو شوێنە گەشتیارییانەم کرد، بەڕاستی شوێنی زۆر جوان و خۆشی تێدایە، ئەوەی لە هەمووی دڵخۆشتر، بڕوا بکەن هیچ خاشاکێکم لە قەراخ شەقامەکان نەبینی، ئەمە جێگەی دەستخۆشییە.
هیوادارم خەڵکی ئێمە سوود لەم پڕۆژە گەشتیارییانە وەربگرن، هەروەها میوانیش کە دێنە ئێرە، قەدری میوانان بگرن و داوا دەکەین، ئەوانیش رێز لە ژینگەی هەرێمی کوردستان بگرن لەم پڕۆژانەدا بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە هەنگاوی باشتر بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم دەڤەرە بنێین.
لە سەردەمی پێشوودا مخابن زۆر زیان بە سروشتی کوردستان گەیشتووە، زۆر گوندی ئێمە خاپوور کراون. تەنانەت ئێستاش لەبەر ئاڵۆزی و شەڕ و پێکدادان و نەبوونی ئارامی و ئاسایش لە هەندێک خاڵی سنووری، هێشتا نەمانتوانیوە ئەو شوێنانە ئاوەدان بکەینەوە. هیوامان وایە لە زووترین کاتدا ئەو شوێنانەش ئارامی و سەقامگیرییان بۆ بگەڕێتەوە و ئەوەش جارێکی تر ببێتەوە بە بەشێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
جگە لەوەی کە کوردستان سروشتێکی جوانی هەیە، لە ڕووی مێژووییشەوە زۆر شوێنی مێژوویی و سەرنجڕاکێشی هەیە لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستان. لە دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل، بەردەڕەش و هەموو جێگاکان، دەڤەری بادینان بەشێوەیەکی گشتی، هەروەها لە هەولێر، سۆران، رەواندز، ئەشکەوتی شانەدەر، قەڵای هەولێر، زۆر شوێنی دیکەی مێژوویی هەن کە خەڵک دەتوانێت سەردانیان بکات و سوودیان لێ ببینێت. پاشان لە دەڤەری گەرمیان، سلێمانی، ڕانیە و قەڵادزێ زۆر شوێنی مێژوویی هەن کە خەڵک دەتوانن سەردانیان بکەن. جگە لە شوێنەوارە مێژووییەکان، زۆر شوێنی ئایینیش هەن، وەک مزگەوت، کەنیسە، و پەرستگاکان کە دیسان دەبنە هۆکارێک بۆ سەردانیکردنی خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.
بۆیە کوردستان ئامادەیە کە گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت. چەندە ئەم پڕۆژانە زیاتر جێبەجێ بکرێن، دەرفەتی کاریش بۆ خەڵکی ئێمە زیاتر دەبێت و دەتوانن ئاستی ژیانی خۆیان باشتر بکەن و ئاستی کوالێتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەرزتر بکەنەوە. لەسەر حکوومەتیشە کە هاوکاری زیاتر بکات، ئاسانکاری زیاتر بکات لە پێدانی مۆڵەت و هاوکاریکردنی ئەم پڕۆژانە، هەروەها ئەگەر پڕۆژەی هاوبەشیش هەبن، هەرچی پێویست بێت، حکوومەت هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی گرنگی بە هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین.
لە زۆر دەرفەتدا حکوومەت ئاسانکاری کردووە، بەتایبەت لە دروستکردنی رێگەوبان یان زیادکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، هەم بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان و هەم بۆ خزمەتگوزارییە ڕۆژانەکانی خەڵک کاتێک دەیانەوێت کارەکانیان راپەڕێنن، ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە زۆر هاوکار دەبن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لە زووترین کاتدا کارەکانیان رایی بکەن و خەڵکیش سوود لە خێرایی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان وەربگرێت.
لە کۆتاییدا داواکاری من لە هەموو هاووڵاتییان و گەشتیاران کە دێنە لێرە ئەوەیە کە رێز لە سروشتی هەرێمی کوردستان بگرن، رێز لەم پڕۆژانەدا بگرن، پاکوخاوێنی بپارێزن. بەنیسبەت ئێمەوە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی پاکوخاوێنی سروشتەکەی جوانتر دەکات، بەڵکو هەر بستێکی خاکی ئێمە پیرۆزە، چونکە خزمەت و خەبات و زەحمەتێکی زۆری بۆ کێشراوە، خوێنی شەهیدانی ئێمەی لەسەر رژاوە بۆ پاراستنی. بۆیە پاکڕاگرتنی خاکی ئێمە و وڵاتی ئێمە ئەرکە، و هیوادارم هەمووان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و سروشتی خۆیان بە پاکی ڕابگرن و ئینشەڵا هەر سەلامەت دەبن.
بۆ ناوی ئەم پڕۆژەیەش من پێشنیارێک دەکەم. ئەگەر کەسێک خەڵكی زاخۆ بێت ئێوە پێی دەڵێن "زاخۆلییە".. ئەوەش گەلی زاخۆیە، یانیش بە ئینگلیزی دەبێتە "زاخۆ ڤالی" یانی ئەگەر هەمووی بکەنە "زاخۆلی"، دەبێتە ناوێکی گونجاو لە تێڕوانینی منەوە ئەگەر ئێوەش پێتان خۆش بێت. ئینشەڵا هەر سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.