شاندی حکوومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و لە زاخۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ گەیشتە هەولێر و لە زاخۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی بەغدا بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزەیە و هەریەک لە باسم محەمەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا ئەندامی شاندەکەن. هاوکات شاندی یاوەریان پێک هاتووە لە سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای حکوومەتی فیدراڵ.

دوای ئەوەی لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت، بڕیارە شاندەکەی بەغدا لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ ئەم کۆبوونەوەیە پێک هاتوون لە:

محەمەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت.
د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی.

ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاند، دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق.