مەسرور بارزانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاریی دانا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاریی دانا. 

ئەم پڕۆژە گەورەیە لەسەر رووبەری 2620 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، گوژمەی تەرخانکراویش بۆی دەگاتە 120 ملیۆن دۆلار. بەپێی پلانەکە، ماوەی حەوت ساڵ بۆ تەواوکردنی تەواوی کارەکانی پڕۆژەکە دیاری کراوە.

پڕۆژەی گەلیی زاخۆ لە چەندین بەشی گرنگ و مۆدێرن پێکدێت. بەشە سەرەکییەکان بریتین لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەیی، چێشتخانە و خانووی گەشتیاری، تەلەفریک، شوێنی وەرزشی، باخچەی ئاژەڵان و رووبارێکی دەستکرد. 

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە دەبێتە هۆی رەخساندنی 400 دەرفەتی کاری راستەوخۆ بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و بووژاندنەوەی بازاڕ.