وردەکاریی خۆرادەستکردنی بکوژی دوو براکەی ئاکرێ راگەیەنرا

گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ رەخنەی لە بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و پەیجەکانی سۆشیالمیدیا گرت و رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی بەشێک لە میدیاکان و پەیجەکان بە پاڵەوانیان ناو دەبرد، خۆی رادەستکرد، شەوی رووداوەکەش دوو کوڕ و برایەکی تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی دوو براکەی ئاکرێ، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکران، هەر کەسێکی دیکەش دەستی لە تاوانەکەدا هەبێت، دەستگیر دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، عیماد حوسێن گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی 21 لەسەر 22ـی ئەم مانگە، لە نزیک پارکی ئاکرێ رووداوێکی کوشتن روویدا و تێیدا سێ برا بوونە ئامانج، کە دووانیان کوژران و یەکێکی دیکەیان بریندار بوو.

گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتی: دوای رووداوەکە و لە هەمان شەودا، هێزەکانی پۆلیس توانییان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە لە رووداوەکەدا بەشدار بوون. تۆمەتبارەکان بریتین لە دوو کوڕ و برایەکی تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە.

دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەرکرد. ئەمڕۆ، تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ رەخنەی لە بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشەڵمیدیا گرت و رایگەیاند: بەشێک لە میدیاکان تۆمەتباری سەرەکییان وەک پاڵەوان ناساند و ئەمەش بووە هۆی تێکدانی پلانەکانی پۆلیس و ئاسایش. داواکارین دەزگاکانی راگەیاندن هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بۆ ئەوەی باشتر بتوانین سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیان بپارێزین.

عیماد حوسێن  ئاشکرایکرد، پلانی پۆلیس و ئاسایش ئەوە بوو تۆمەتبار بە زیندوویی دەستگیر بکەن، تا هیچ کارەسات و زیانێکی دیکەی گیانی نەکەوێتەوە.

بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ، هەر کەسێکی دیکە هاوکاری تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی ئەو دوو برایەی کردبێت، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

گوتەبێژەکە دەنگۆی هەڵدان و تەقاندنەوەی نارنجۆک لەلایەن تۆمەتبار لەنێو ماڵەکەیدا رەت کردەوە و جەختیکردەوە: ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.

لە کۆتاییدا روونیکردەوە، ئیدارەی ئاکرێ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن پێداچوونەوە دەکەن، بۆ ئەوەی لە رووداو و حاڵەتە نەخوازراوەکاندا هەماهەنگیی زیاتر هەبێت و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ خزمەتکردنی دەڤەرەکە ئامادە بکرێت.