تونجەر باکرهان: کاتی دەرکردنی یاسا و داننانە بە مافە بنەڕەتییەکانی کورد

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەستپێکردنی قۆناخی پەرلەمانی و یاسادانانی بۆ مافەکانی گەلی کورد راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە پرۆسەکە لە سستی رزگار بکرێت و هەنگاوی کردەیی بەرامبەر دۆخی ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسی بنرێت.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، "قۆناخی یەکەمی پرۆسەکەمان لەپشت خۆمان جێهێشت، کە تایبەت بوو بە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و لێکەوتەکانی، ئێستاش قۆناخی گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانە و کاتی دەرکردنی یاسا و داننانە بە مافە بنەڕەتییەکانی کورد، لە قۆناخی دووەمدا گفتوگۆ لەبارەی زمانی کوردی، بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان و هەموارکردنی یاسا یەکدەنگ و یەکرەنگەکانی ئێستا دەکەین."

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "سستییەک لە پرۆسەکەدا بەدی دەکرێت و پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت، ئەمەش بە باشترکردنی بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەست پێدەکات، هاوکات بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و لادانی قەییومەکان، پێویست بە هیچ راپۆرتێکی پشتڕاستکردنەوە ناکات."