مەسرور بارزانی: پڕۆژە نوێیەکانی زاخۆ سەدان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

"خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە زاخۆم"؛ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم دەستەواژەیە دەستپێکردنی دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنانی لە ئیدارە سەربەخۆکە راگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوانە، بووژانەوەی کەرتی بازرگانی، گەشتیاری و رەخساندنی ئاییندەیەکی گەشترە بۆ گەنجانی ناوچەکە.

یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانیکردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەربڕی بە مەبەستی کردنەوە و دانانی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگی بازرگانی و گەشتیاری.

سەرۆکی حکوومەت ئاشکرای کرد، لە میانی سەردانەکەیدا پڕۆژەی ستراتیژیی (گلۆباڵ دیڤێلۆپمێنت)ـی بازرگانیی کردووەتەوە، کە دەبێتە لقی سەرەکیی دابەشکردنی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیای جیهانیی (نیسان) بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق؛ بە شێوەیەک مانگانە نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێل لەو ناوەندەوە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێن و دابەش دەبن، ئەمەش پێگەی زاخۆ وەک دەروازەیەکی سەرەکیی بازرگانی بەهێزتر دەکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە بەردی بناخەی پڕۆژەی (مۆتۆر پلێکس عێراق) دانرا، کە پڕۆژەیەکی مۆدێرنی هەمەلایەنەیە و وەک کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی وەرزشی و گەشتیاری خزمەت بە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم دەستپێشخەرییانە کردەوە و رایگەیاند: "ئەم پڕۆژانە پێکەوە، سەدان هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە دەڕەخسێنن". کە ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتدایە بۆ هاندانی کەرتی تایبەت، راکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.