مەسرور بارزانی: پڕۆژەی گەلیی زاخۆ کەرتی گەشتیاریی کوردستان زیاتر دەبووژێنێتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی دانا و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم دەستپێشخەرییە وێڕای رەخساندنی هەلی کار، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بووژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە سەرانسەری کوردستان بە گشتی.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، ڕایگەیاند: لە درێژەی سەردانە مەیدانییەکەیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری داناوە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە رەهەندە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پڕۆژەکە کرد و روونی کردەوە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە نوێیە، چەندین دەرفەتی کاری راستەوخۆ بۆ گەنجان و دانیشتووانی سنوورەکە دەڕەخسێنرێت، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی و بووژانەوەی بازاڕی کاری ناوخۆیی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر گرنگیی ستراتیژیی ئەم دەستپێشخەرییە و رایگەیاند، پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاری نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو دەبێتە فاکتەرێکی کارا بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە گشتی.
دانانی بەردی بناخەی ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی دیدگا و کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، کە کار لەسەر فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بووژاندنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان و سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات، بە مەبەستی گۆڕینی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەندێکی پێشکەوتووی گەشتیاری لەسەر ئاستی ناوچەکە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەمدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی پڕۆژەی گەلیی زاخۆی گەشتیاریمان دانا، کە بە تەواوبوونی چەندین دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە دابین دەکات و دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان بە گشتی.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) October 25, 2026