پێشەوا هەورامانی: سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە دەبێت بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان لەگەڵ خەڵک بن

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و شاندی باڵای حکوومەتی عێراق باس لە پڕکردنەوەی سووتەمەنی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان کراوە لەلایەن حکوومەتی عێراق و هەروەها داوای دابینکردنی نەوتی سپی ماڵانیش کرا.

ئەمرۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەری بادینان کۆبووەوە و گوێی لە سەرنج و داواکارییەکانیان گرت، هەروەها راستەوخۆ بە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکانی گوت، "خواستی ئێوە بۆ باشبوون هەرچەند بێت، خواستی ئێمە زیاترە، دەبێت هەمیشە لەگەڵ خەڵکدا بن."

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران داوای لە بەرپرسان کردووە هەمیشە دەرگایان بۆ هاووڵاتییان واڵا بێت و لێیان نزیک بن، هاوکات بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەک دراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو داواکارییانەی لەم چەند رۆژەدا گەیشتوونەتە بەردەستیان، تا لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکرێت و بەگوێرەی توانای دارایی حکوومەتی هەرێم جێبەجێ بکرێن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵی، پێشەوا هەورامانی روونی کردەوە کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بەڕێوەچوو و تەوەری سەرەکی تایبەت بوو بە پرسی نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا؛ لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دابینکردنی پێداویستیی سووتەمەنیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کرایەوە، هەروەها داوای نەوتی سپیی ماڵانیش کرا کە وەڵامێکی ئەرێنی لەوبارەیەوە هەبوو.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی حکوومەت ئاشکرای کرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پرسی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان بوو، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستکردنی هەر ئاستەنگێک بکرێت و گەرەنتیی تەواویان پێ بدرێت بە سەلامەتی کارەکانیان ئەنجام بدەن.