ئیخڵاس دلێمی: پشکی هەرێم لە بودجە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆی بودجەی گشتیی 217 ترلیۆن دیناریی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا بە 12 ترلیۆن و 800 ملیار دینار دیاری کراوە، ئەمەش رێژەکە تەنیا 6%ـە و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و، تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: کۆبوونەوەکانی ئەم دوایییەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بووە بە رەشنووسی یاسای بودجە و دەستەبەرکردنی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان، کە وەک لیژنەی دارایی بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکەمین و سەرەکیترین تێبینی و ناڕەزایەتییان لەسەر قەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەدا و لە کۆی بودجەی گشتی کە بە 217 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا بە 12 ترلیۆن و 800 ملیار دینار دیاریی کراوە، سەرەڕای ئەوەش مەرجدار کراوە بە (خەرجیی فیعلی). ئەم بڕە پارەیە کە دەکاتە تەنیا 6%ـی کۆی بودجە، تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ناکات، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
سەبارەت بە دووەمین تەوەری ناکۆکییەکان، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی تیشکی خستە سەر پرسی خەرجییە سیادییەکان و روونی کردەوە، کە ئەو خەرجییانە لە رەشنووسەکەدا گەیشتوونەتە 76 ترلیۆن دینار، کە ئەمەش هەڵاوسانێکی گەورە و نائاسایییە؛ بۆیە پێویستی بە چاوپێخشاندنەوەی ورد هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا داوای روونکردنەوەی فەرمی لە وەزیری دارایی عێراق دەکەن.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئیخڵاس دلێمی باسی لە تەوەری سێیەم کرد کە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوت و نرخی بەرمیلێک و رایگەیاند: ئێستا شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و بریکاری وەزارەتی داراییی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستانن بۆ دیاریکردنی قەبارەی بەرهەمی رۆژانەی نەوت و نرخەکەی؛ لە دوایین هەمواردا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی هەرێم بە 445 هەزار بەرمیل دانراوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە دەرنەچووە، بەڵکو لەو کۆمپانیایەوە وەرگیراوە کە لە نێوان هەرێم و بەغدادایە و هیچ سیفەتێکی فەرمیی نییە.
ئیخڵاس دلێمی دووپاتی کردەوە، کە لیژنەی دارایی تەنیا پشت بە داتای لایەنە فەرمییەکان دەبەستێت کە بریتین لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە ئەو بڕگەیە دواخرا تاوەکو دۆسیەی نەوت و گاز بە شێوەیەکی فەرمی و دەستووری یەکلا دەکرێتەوە.