مەسرور بارزانی: لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوامین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: کە دانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوامە، هاوکات جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای فیدراڵییەت و چوارچێوەی دەستوور بێت.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان هەولێر و بەغدا و رایگەیاند: ئێمە بەردەوامین لە گفتوگۆکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە پرسی دابینکردنی شایستە دارایییەکان لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، هەروەها تێڕوانین و بۆچوونی فەرمیی هەرێمی کوردستانمان بە شاندی حکوومەتی فیدراڵ راگەیاندووە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوامییان هەیە، هەر چەندە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن؛ بەڵام هیوای خواست کە لێکتێگەیشتنەکان بگەنە دەرئەنجامێکی باش و دڵخۆشکەر کە مافی هەموولایەکی تێدا پارێزراو بێت.
سەبارەت بە شێوازی پەیوەندییە سیاسی و کارگێڕییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی گوتی: لە کۆبوونەوەکانماندا لەسەر سەرجەم پرسەکان گفتوگۆمان کردووە و بە روونی جەختمان لەوە کردووەتەوە کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش کیانێکی فیدراڵی و دەستوورییە؛ بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم دەبێت بە تەواوی لەسەر بنەمای فیدراڵییەت و دەستوور بێت. هەروەها هەندێک تێڕوانینی هەڵە هەبوون کە بۆ لایەنی عێراقیمان روونکردەوە کە راست نین و دەبێت مامەڵەکان دەستووری بن، خۆشبەختانە لێکتێگەیشتنێکی باشیش لەسەر ئەم بنەمایە دروست بووە و هیوادارین ئەنجامەکەی لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ناوخۆیی کرد و رایگەیاند: ئەگەر دەرفەت هەبێت، بەردەوام خوازیارین سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو بنێن؛ بەڵام بە راستی خەڵکی زاخۆ بە پەرۆشەوە خوازیاری پێشخستنی شاری خۆیانن و هەوڵی بۆ دەدەن، ئێمەش وەک حکوومەت لە نزیکەوەین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لێ دەکەین، هەر ئەندازەیەک ئەوان هەوڵی ئاوەدانی بدەن، ئێمەش بە هەمان شێوە هاوکار و پاڵپشتیان دەبین.