سەرۆکی حکوومەت و شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق پرسی بودجە و نەوتیان تاوتوێ کرد
پرسی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـی فیدراڵ، بەشداریی هەرێم لە داهاتی گشتی و ڕێکارە تەکنیکییەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بوون لە شاری زاخۆ.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ ، پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، لەکۆبونەوەکەدا باس لە پرسی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 کرا و لە پەیوەست بەم بابەتەوە، بەشداریی هەرێم لە داهاتی گشتیی عێراق و هەروەها دابین کردنی شایستەداراییەکانی هەرێم تاوتوێ کرا.
لە میانەی گفتوگۆکاندا، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و رێکارە تەکنیکییەکان خرانەبەر باس.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پرۆژەیاساکەدا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە ناوەرۆکی پرۆژە یاسای بودجەدا، بنەمای دادپەروەری بۆ سەرانسەری عێراق پەیڕەو بکرێت و ڕەچاوی چەمکی دەستووریی فیدرالیەت بکرێت.
هەردوولا جەختیان لە درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک بێت.





