لە هەولێر رەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی پیشەسازی درا
بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر و لە پێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی، رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 38 پڕۆژەی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای هەولێر درا.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لێژنە، کۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیریی پڕۆژە پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی پڕۆژە پیشەسازییەکان، پێداویستییەکانیان، جۆری خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان لەگەڵ ئاستی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لێژنەکە، بە وردی تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
هەروەها پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی لێژنەکە، جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژە پیشەسازی و وەبەرهێنانییە گەورە و مامناوەندەکان کردەوە، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا و رێنماییە بەرکارەکاندا.
پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان و پاڵپشتیکردنی زیاتری گەشەی ئابووری، رەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی پیشەسازی درا، هەروەها چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و بەرەوپێشبردنی کاروباری ئەو پڕۆژانە پەسەند کران.