پەرلەمانی عێراق یاسای مۆڵەتی بێ مووچەی پەسەند کرد
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنی بێ مووچە بە فەرمانبەران دا و ماوەی وەرزی یاسادانانیشی بۆ یەک مانگ درێژ کردەوە، هاوکات چوار پەرلەمانتاری جێگرەوە سوێندی دەستوورییان خوارد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ژمارە 27ـی خۆی بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی و بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار ئەنجام دا. لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر یاسای پێدانی مۆڵەتی درێژخایەنی بێ مووچە بە فەرمانبەران دا و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پڕۆژەیاسایەک تەواو کرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پەرلەمان دەنگی لەسەر درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بۆ ماوەی یەک مانگ دا، کە بڕیارە لە یەکی تشرینی دووەمەوە دەست پێبکات و تاوەکو یەکی کانوونی یەکەم بەردەوام بێت.
هاوکات هەیبەت حەلبووسی داوای لە لێژنەی دەروازە سنوورییەکان کرد، بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی داخستنی دەروازەی سنووری لە پارێزگای میسان بکەن و ئەنجامی بەدواداچوونەکەیان لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە شێوەی ڕاپۆرت پێشکەشی پەرلەمان بکەن.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، چوار پەرلەمانتاری جێگرەوە بەم شێوەیە سوێندی دەستوورییان خوارد:
وەسفی عاسی لە شوێنی محەممەد تەمیم.
حسێن مالیکی لە شوێنی یاسر مالیکی.
عەلی فەیلی لە شوێنی موحسین مەندەلاوی.
ریاز حەمیداوی لە شوێنی حەسەنێن خەفاجی، کە بەهۆی دەرچوونی حوکمێکی دادوەری لە دژی، لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای هەموارکردنی سێیەمی یاسای یەکێتیی مافپەروەران ژمارە 137ـی ساڵی 1981ـی دواخست، کە لەلایەن لێژنەکانی یاسایی، کار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خزمەتگوزاریی گشتی، ڕۆشنبیری، گەشتوگوزار، و لاوان و وەرزشەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن کرابوو.