باڵیۆزی عومان: رۆڵی هەولێر لە ئارامیی ناوچەکەدا کاریگەرە
باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە بەغدا، ستایشی پێگە، ئارامی و سروشتی هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی نێوان مەسقەت و هەولێر لە گەشەکردنی بەردەوامدان، هاوکات ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەنگژە و ململانێکانی ناوچەکە بە "ئەرێنی و هاوسەنگ" وەسف دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، شێخ مەحموود بن موهەننا، باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە دۆخی ئارام، سروشت و پێگەی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان. دەستپێکردنی گەشتە راستەوخۆکانی هێڵی ئاسمانیی "سەلام" لە نێوان مەسقەت و هەولێریش، وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ پتەوکردنی پردی پەیوەندییەکان و بوژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەردوولادا دەبینرێت.
باڵیۆزی عومان لە بەشێکی لێدوانەکەیدا گوتی "کوردستان خاوەنی هەموو پێکهاتەیەکی جوانی، مێژوویەکی دەوڵەمەند، سروشتێکی دڵڕفێن و خەڵکێکی بەخشندە و میواندۆستە، پەیوەندییەکانی نێوان عومان و عێراق بەگشتی لە ئاستێکی زۆر باشدان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لە گەشەسەندنی بەردەوامدان؛ ئێمە زۆر گەشبینین بە ئاییندەیەکی درەوشاوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانمان."
سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و گرژییە سیاسییەکان، شێخ مەحموود بن موهەننا جەختی لەوە کردەوە کە عومان رۆڵی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بەرز دەنرخێنێت و رایگەیاند "رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و کێشمەکێشە ئیقلیمییەکاندا زۆر ئەرێنییە؛ هەولێر سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیڕەو کردووە کە کردوویەتییە چەقی هێورکردنەوە و ئارامی، بەرهەمی ئەم سیاسەتە دانسقەیەش خێر و چاکەی دەبێت بۆ هەمووان."
هاوکات، گەشتی راستەوخۆی نێوان عومان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و یەکەم فرۆکە لە مەسقەتەوە گەیشتە هەولێر.
لەلای خۆیەوە. ئەحمەد هۆشیار، بەڕیوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، دەتوانرێت هێڵەکە وەکو ترانزێت بۆ ئەورووپا بەکاربێت و کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و ئاسانکارییەکی زۆر دەبێت.