هەورەبرووسکە و تەرزە 150 سەر مەڕی لە ورمێ مردار کردەوە

هەورەبرووسکە و تەرزە 150 سەر مەڕی لە ورمێ مردار کردەوە
هەورەبرووسکە و تەرزە 150 سەر مەڕی لە ورمێ مردار کردەوە

بەهۆی تەرزە و هەورەبرووسکەی بەهێز لە ناوچەکانی ماکۆ لە پارێزگای ورمێ، 150 سەر مەڕ مردار بوونەتەوە و زیانی پێنج ملیار تومەن بەر ئاژەڵداران کەوتووە، هاوکات قایمقامی شارەکە هۆشداریی دروستبوونی لافاو لە رۆژانی داهاتوودا دەدات.

شەهلا تاجفەر، قایمقامی ماکۆ لە پارێزگای ورمێ، رایگەیاند، بەهۆی تەرزە و هەورەبرووسکەی بەهێز لە دەوروبەری گوندەکانی مەلهەم و گوڵئالی لە سنووری بازەرگان، 150 سەر مەڕ مردار بوونەتەوە و 30 سەری دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیان بەر رێگای سەرەکیی بازەرگان بۆ بۆرالان کەوتووە.

قایمقامی ماکۆ ئاماژەی بەوە دا، بەپێی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری هۆزەکان و ڤێتێرنەری، زیانە داراییەکان بە پێنج ملیار تومەن خەمڵێنراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

شەهلا تاجفەر باسی لەوە کرد، ئەگەری بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە رۆژانی داهاتوودا هەیە، بۆیە داوای لە گوندنشینان و ئاژەڵداران کرد زۆر وریا بن و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش لە ئامادەباشیدا بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێک.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 22ـی ئەم مانگەدا، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوی لەناکاو لە چەند گوندێکی سەر بە سەڵماس لە پارێزگای ورمێ، زیانی گیانی و دارایی زۆر بەر دانیشتووانی ناوچەکە کەوت. زیانەکان زیاتر گوندەکانی شووریک، سێلاب، کانیان، شەکەریازی و مافیکەندی گرتووەتەوە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتە فەرمییەکانی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە 24ـی تشرینی یەکەم، سێ کەس لە گوندی کانیان بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەست داوە. قوربانییەکان بریتین لە کچێکی تەمەن 10 ساڵ و دوو پیاوی تەمەن 45 و 73 ساڵ، هاوکات سێ کەسی دیکەش بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون.