کەژان کەریم: دەرگا لەبەردەم یەکێتی کراوەیە

پەرلەمانتاری کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرجەم فراکسیۆن و پەرلەمانتاران کرد بە گیانێکی نیشتمانپەروەرانە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکەن، تا هەرێمی کوردستان لە چەقبەستوویی سیاسی رزگار بکرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، کەژان کەریم، پەرلەمانتاری کوردستان گوتی، هەموو هەوڵێکی ئاشتییانەیان داوە و ماوەی دوو ساڵە لە چاوەڕوانیی سازان و رێککەوتندان. ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە: "ئێستا دەرگا لەبەردەم خوشک و برایانی یەکێتی کراوەیە تا بێن و بەشدار بن، چونکە کوردستان چیتر لەم بارگرانییەدا نەمێنێتەوە."

سەبارەت بە بەربژێری سەرۆکایەتی و ئامادەکاریی دانیشتنەکە، کەریم رایگەیاند، تا ئێستا ڤاڵا فەرید بەربژێرە. کەریم گوتیشی: "دوێنێ بانگەوازمان بۆ سەرجەم پەرلەمانتاران هەبووە، چونکە ناتوانرێت لە ئاستی تاکەکەسیدا پەیوەندی بە یەک بە یەکەوە بکرێت. سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون و ئومێد دەخوازین دڵی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان خۆش بکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەریم روونیکردەوە، هۆڵی پەرلەمان شوێنی گفتوگۆ و دانیشتنە، بۆیە پێویستە سەرەتا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دواتریش هەموو لایەنێک دەتوانێت بە دید و بۆچوونی خۆی کارنامەی حزبەکەی جێبەجێ بکات.

لە کۆتاییدا کەریم جەختیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پرسە نیشتمانییەکانی لەپێش حزبیبوونەوە داناوە، بۆیە بەردەوام دەبن لە سەردان و پەیوەندییە برایانەکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بەو هیوایەی هەمووان بەشدار بن و ئەم ئەرکە نیشتمانییە بە هاوکاریی هەموو لایەک جێبەجێ بکرێت.