مونا قەهوەچی: ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبین

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆ تەواوکەری دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەمانە و فراکسیۆنەکەیان بەشداریی تێدا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، مونا قەهوەچی، پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان، داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد ئامادەی کۆبوونەوەکە بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیان. قەهوەچی گوتی: "داوا لە تەواوی پەرلەمانتاران دەکەین ئامادە بن بۆ ئەوەی ئەرکی یاسایی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە دەبین و هیوادارم پەرلەمانتارانی دیکەش ئامادە بن."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان جەختیدەکاتەوە لە گرنگیی بەستنی دانیشتنەکە و رایگەیاند، بۆ ئێمە زۆر گرنگە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تا خەڵکی کوردستان بگاتە ئەو ئامانجەی دەنگی بۆ داوە.

قەهوەچی لە کۆتایی قسەکانیدا روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی دوو ساڵە پەرلەمان پەکخراوە، پێویستە ئەمڕۆ کارا بکرێتەوە.