هەڵگورد شێخ نەجیب: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە پێناو خەڵکی کوردستانە
هەڵگورد شێخ نەجیب، پەرلەمانتاری کوردستان رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان کاراکردنەوەی دامەزراوەکە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە، ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی کوردستان چاوەڕوانییەکی زۆریان کردووە و داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن، چونکە بە وتەی ئەو "خەڵک ئەو بەرگەیگرتنەی نەماوە".
چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، پەرلەمانتاری کوردستان رایگەیاند، بە بڕوای ئەو ئەوەندەی رێککەوتنی سیاسی لە بەغدا پێویست بوو، ئەوەندە لە کوردستان پێویست نییە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە. گوتیشی: "خەڵک زۆر چاوەڕوانی کرد و پشووشی زۆر درێژ بوو، هیوادارم ئەمڕۆ ئەم دانیشتنە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت کە ئەوە ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستانە".
دەربارەی رێژەی یاسایی دانیشتنەکە، هەڵگورد شێخ نەجیب روونی کردەوە، بەگوێرەی یاسای پەرلەمان پێویستە زیاتر لە 50 ئەندام پەرلەمان ئامادە بن و ئەوەش ئامانجی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیە کە هیواخوازم هەموومان بەیەکەوە ئامادە بین.
هاوکات داوای لە سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانە کرد کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بکەن، چونکە خەڵک "ئەو تەحەمولەی نەماوە". جەختیشی کردەوە، کاتێک باسی دیموکراسییەت دەکرێت، پێویستە نیساب تەواو بکەیت و ئامادەی کۆبوونەوە بیت، ئەگەر ئەوەت نەکرد کەواتە هیچ بنەمایەک بۆ باسکردنی دیموکراسییەت نامێنێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو خەڵک داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کردووە. لەبارەی داهاتووی پرۆسەی سیاسییەوە وتی: "بە بڕوای من کار ناگاتە لێکترازان، ئەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات لە هەر لایەنێک بێت هەر کوردە و ئەم هەنگاوەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا زیاتر لێکنزیکبوونەوە روو بدات".