وەزارەتی بەرگریی سعوودیە: دوو مووشەکی بالیستی و دوو درۆنمان تێکشکاند

سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە دوو مووشەکی بالیستی ودوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاند کە ئاراستەی شاری ریاز و ناوچەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کرابوون.

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی دوو مووشەکی بالیستی و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند.

یەکشەممە، 15ی تشرینی ووەمی 2026, لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە دوو مووشەکی بالیستی تێکبشکێنن کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی شاری ریازی پایتەخت کرابوون. بەرگریی شارستانیی سعوودیەش پێشتر زەنگی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی لە ریاز لێدابوو، بەر لەوەی دواتر نەمانی مەترسییەکە رابگەیەنێت.

هاوکات مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو رووداوی جیاوازدا بەرپەرچی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دراوەتەوە و تێکشکێندراون کە ناوچەی رۆژهەڵاتی شانشینی سعوودیەیان کردبووە ئامانج.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، سوپای یەمەن رۆژی شەممە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"دا 723 هێرش و ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنیان لە دژی پێگە، کۆبوونەوە، سەنگەر، مۆڵگەی تۆپخانە و ئۆتۆمبێل و کەرەستە سەربازییەکانی میلیشیای حووسی ئەنجام داوە کە 37 هێرشیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 56 هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 89 هێرش بە مووشەکهاوێژ و 541 هێرشیش بە تۆپخانەی مەیدانی بووە؛ هاوکات بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی "سەبە"، عەقید روکن ماجید نەزیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکان لە تەعز بە پاڵپشتیی بەرگریی میللی بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حووسی و پەکخستنی توانا سەربازییەکانیان، لەگەڵ رەچاوکردنی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و شوێنە مەدەنییەکان و تەنیا بەئامانجگرتنی ئامانجە سەربازییە رەواکان.