ساسان عەونی: لە قۆناخی نوێی پشتێنەی سەوزاییدا پلانی چاندنی ملیۆنێک و 800 هەزار دار هەیە

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، قۆناخی سێیەمی جێبەجێکردنی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستی پێ کرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش رایگەیاند کە زیاتر لە 90%ی کارەکانی قۆناخی یەکەم تەواو بوون و نزیکەی 2 هەزار دۆنم زەوی بە 700 هەزار دار چێنراون.

یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە میانی راگەیاندنی دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی جێبەجێکردنی پشتێنەی سەوزایی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رایگەیاند کە زیاتر لە 90%ی کارەکانی قۆناخی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی تەواو بوون و نزیکەی 2 هەزار دۆنم زەوی بە 700 هەزار دار لەو زۆنەدا چێنراون، لەگەڵ دابینکردنی سەرچاوەی ئاو.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێتە قۆناخێکی نوێوە و کارکردن لە زۆنی A8 دەستپێدەکات کە رووبەرەکەی زیاتر لە 10 هەزار دۆنمە و لە قۆناخی یەکەمدا، ئامادەکاری بۆ چاندنی ملیۆنێک و 800 هەزار داری تێدا دەکرێت. گوتیشی: "هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا، لە سەرجەم زۆنەکان کارەکان دەستپێبکەن و ئەو گۆڕانکارییە گەورە ژینگەییە، هەموو بازنەی چواردەوری هەولێر بگرێتەوە. کارکردن لەم پرۆژەیە ئاسان نەبوو و ئالنگاریی زۆری تێدا بوو، بەڵام بە پاڵپشتیی سەرۆکوەزیران قۆناخەکانی دیکەش جێبەجێ دەکرێن."

تایبەتمەندییەکانی زۆنی A8

قۆناخی A8 رووبەرە گشتییەکەی نزیکەی 10 هەزار دۆنم دەبێت کە دەکەوێتە نێوان شەقامی دووسایدی هەولێر-دهۆک و هەولێر-موسڵ. هەرسێ گوندی قەڵانچۆغان، سێبیرانی بچووک و قەڵاتگە دەکەونە نێو ئەو زۆنەوە کە بە بەشی میوە و باخچە لە ماستەپاندا دەستنیشان کراوە، هاوکات پارکێکی گەورەش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەکی دیکەدا.

ئامانجەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی پشتێنەی سەوزایی

بە شێوەیەکی گشتی، پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی پرۆژەیەکە بۆ ئێستا و داهاتوو، وێرای رەخساندنی هەلی کار، بەروبوومی جۆراوجۆری کشتوکاڵی خۆماڵیش پەرە پێدەدات و لە رووی کەشوهەواشەوە ژینگەیەکی پاک و ئاووهەوایەکی خاوێن دابین دەکات. بۆیە لە سۆنگەی گرنگیدان بە هەموو زۆنەکانی پرۆژەکە و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران و بە مەبەستی بەتەریبی کارکردن لە سەرجەم زۆنەکان کە ژمارەیان 8 زۆنە، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت بە پشتێنەی سەوزایی هەولێر دروست کرا کە سەرپەرشتیی هەشت زۆنەکە دەکات.

وەکو ئەرکی وەرزی یەکەمی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، سێ ئامانجی سەرەکی بۆ دەستنیشان کران کە ببنە بنچینە و دەستپێکی کارەکانیان

یەکەم: رووپێوکردنی تەواوی بازنەی پشتێنەی سەوزایی و دیاریکردنی دامەزراوەکانی سەر رێرەوی ئەو پشتێنەیە.
دووەم: دەستنیشانکردنی خاوەندارییەتی زەوییەکان و مەڵکدارییەتییان بۆ زامنکردنی مافی خاوەن زەوییەکان.
سێیەم: کارکردن بۆ دیاریکردن و هەڵکەندنی هێڵی رێرەوی دەرەوە و ناوەوەی ئەو پشتێنەیە لە رێگەی ئامێری قورس و دانانی بێنچ مارکی ناسینەوەی رێرەوەکە.