سەبری بۆتانی

قەلەندەرخانە

لەساڵی 1927 لە گوندی شۆشی سەر بە شاری وان لەدایکبووە، لەدوای هێرشی تۆرانیيەکان پەنای بردووەتە بەر شاری زاخۆ لەدوای شکستی شۆڕشی ئاگری داغ، هەر لەوێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خوێندندا تەواو کردووە. هەر لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوەوە چووەتە ریزی شۆڕشی رزگاریخوازی نەتەوەیی و سەرەتا لەساڵی 1943 تا 1945 لە شۆڕشی دووەمی بارزاندا بەشداری کردوە و پاشان لە حیزبی هیوا کاری کردووە بە سەرۆکایەتی رەفیق حیلمی و ساڵی 1945 لەسەر هەڵوێستە نەتەوییەکانی خراوەتە زیندان و پاش ئازادکردنی درێژەی بە خەبات داوە لە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانداو هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە یەکێک بووە لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول.
لەبواری رۆژنامەوانیدا کاری کردووە بە زمانی کوردی و عەرەبی وەک نووسەرو وەرگێڕ لە رۆژنامەی برایەتی و تەئاخیدا. ساڵی 1970 دێتە هەولێرو کەرکووک و پاشان ساڵی 1975 دوای نسکۆ دێتە بەغداد و کار دەکات لە گۆڤاری بەیان و رۆشنبیری نوێ و نووسەری کورد.
سەبری بۆتانی هەر لە سەرەتای ژیانیەوە باوەڕی بە مەسەلەی کورد هەبووە لە هەموو ئاستەکانی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیداو زۆربەی شیعرەکانی کراونەتە گۆرانی و گەورەو بچووک دەیڵێنەوەو لە کارە چاپکراوەکانی بەکوردی شین و شادی، دڵستان، دەنگی مەتین و جودی و کارە چاپ نەکراوەکانی وەک کۆمەڵێک چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی و رۆمانێک دەربارەی واقیعی کوردستان.
ساڵی 1991 پەنای بردووەتە بەر تورکیاو لە سلۆپیەوەو لەوێوە دەچێتە وڵاتی نۆرویژو لە ئۆسلۆی پایتەخت مایەوە تا ساڵی 1998 هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد پاش ژیانێکی پڕ خەبات.