ئەمەریکا: تا مەترسییەكانی ئێران بەردەوام بن ئێمە لە ناوچەکە دەمێنینەوە

K24 - هەولێر
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا - پێنتاگۆن رایدەگەیەنێت، تا مەترسییەكانی ئێران بەردەوام بن، ئەوان لە ناوچەکە دەمێننەوە. دەشڵێت، ئەمەریكا دەیەوێت دژی ھە رجۆرە سەرەرۆییەكی سوپای پاسداران لە كەنداو و ناوچەكە بەگشتی بوەستێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا – پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەڕەشەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوەراست بەردەوامن، ھەربۆیە ھێزەكانیان ھەتا ئەو كاتەی پێویست بێت لە ناوچەکە دەمێننەوە.
بە گوتەی سینگ، ھێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەیانەوێت دژی ھەر جۆرە سەرەرۆییەكی سوپای پاسداران لە كەنداو و ناوچەكە بەگشتی بوەستنەوە، ھەربۆیە پێنتاگۆن بڕیاری داوە جارێ لە ناوچەکە بمێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە؛ حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی سەردانەکەی بۆ دیمەشق، لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامدا و جیا لەوەی داوای لە ئەمەریکا کرد ناوچەکە بەجێبهێڵێت، هێرشی ئیسرائیلیشی بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشقی سەرکۆنە کرد و هۆشداریی دا "ئەم هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "هیچ لایەنێک ناتوانێت رێگای پەیوەندییە مێژووییەکانی ناوچەکە دابخات. پێشنیار بە بەرپرسانی ئەمەریکاش دەکەین ناوچەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێبێڵن".
رۆژی سێشەممە 29ـی ئابی 2023، د. ئیریک ماندڵ، دامەزرێنەر و سەرۆکی تۆڕی زانیاری و سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپن) لەبارەی هەژموونی سەربازی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق زیاتر راوێژکارین و ئامانج لە هەبوونیان رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و دروستبوونەوەی مەترسی تیرۆر.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، د. ئیریک ماندڵ روونیکردەوە، ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەیەک هەیە کە هەمووی بەرژوەندیییە و هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکەش دەزانن ئەم جوڵەیە چییە.