د. ئیریک مێندڵ: گەورەترین نیگەرانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جموجوڵی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانە

K24 - هەولێر:

دامەزرێنەر و سەرۆکی تۆڕی زانیاری و سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپن) سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: گەورەترین نیگەرانی ئەمەریکا لە رۆژەڵاتی ناوەڕاست جموجوڵی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانە.

د. ئیریک ماندڵ، دامەزرێنەر و سەرۆکی تۆڕی زانیاری و سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپن) لەبارەی هەژموونی سەربازی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق زیاتر راوێژکارین و ئامانج لە هەبوونیان رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و درووستبوونەوەی مەترسی تیرۆر.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، روونیکردەوە، روونیکردەوە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەیەک هەیە کە هەمووی بەرژوەندیییە و هەموو ئەکتەرەکانی ناوچەکەش دەزانن ئەم جوڵەیە چییە.

باسی لەوەشکرد، هیچ دۆستێکی باشتر لە ئەمەریکا لە ناوچەکەدا نییە، گوتیشی: "چین نابێتە گرەنتیدەری ئاسایش لە ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەشدا، نیگەرانن لەوەی ئێران پەرلەمانی عێراقی کۆنترۆڵکردووە هەژموونی خۆشی بەسەر سوپای عێراقدا سەپاندووە.

وەک د. ئیریک ماندڵ باسی لێوە کرد، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەیەکی گرنگ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەبینێت، گوتیشی: ئێمە بە وریاییەوە چاودێری جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و فراوانبوونی هەژموونی ئێران دەکەین.

بە بڕوای سەرۆکی تۆڕی زانیاری و سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەبوونی یەکەی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەی ئەل تەنفی سوریا وهەولێری پایتەختی هەرێمی هەرێمی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گرنگە بۆ رێگیرکردن لە جموجوڵەکانی داعش، دەشڵێت: ئەو هێزانەی لەوێن هێزی شەڕکەرنین بەڵکو زیاتر راوێژکارین.

جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەمەریکا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێ ناهێڵێت و گەورەترین نیگەرانیشی جموجوڵی میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانە کە هێرشدەکەنە سەر بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا.

گوتیشی: ئێمە نیگەرانین لەوەی ئێران سووریا، پەرلەمانی عێراق و حیزبوڵای لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە.

سەبارەت بە دۆخی ئێران و مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵیدا، د. ئیریک ماندڵ  ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوان جیاوازی دەکەن لەنێوان رژێمی ئێران و خەڵکەکەی، گوتیشی: خەڵکی ئێران زۆر بەپەرۆشن بۆ ئازادیی.