ئاژانسی فەرمیی عێراق کشانەوەی تەواویی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ڕەت دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، کشانەوەی تەواویی هێزەکانی ئەمەریکای لە بەغدا ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، کە سبەینێ شەممە هێزەکانی ئەمەریکا لە هەر سێ شوێنی بەغدا (ناوچەی سەوز، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان) دەکشێنەوە.
هەینی 29ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەسەر زاری گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی گوتەبێژەکە بکات، بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، هەموو ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە، کە باس لەوە دەکەن سبەینێ شەممە تەواویی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا بکشێنەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە داوە، بە پێی ڕاگەیەنراوی هاوبەشیی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە 27ـی ئەیلوولی 2024، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق، هەر ئەمڕۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی 5 ڕۆژە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی (عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا) کشاونەتەوە، هەروەها بڕیارە سبەینێ شەممە، تەواویی هێز و کارمەندەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی بەغدا (ناوچەی سەوز، بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان)، بکشێنەوە و شوێنەکانی ڕادەستی هێزە عێراقییەکان بکەن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئێستا تەنیا چەند ئامێر و کەرەستەیەکی سەربازی و پێداویستی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ماون، بڕیارە ئەمشەو تاوەکوو سبەینێ تەواویی سەرباز و کارمەند و کەرەستەکانیان بگوازنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق ڕاگەیاندبوو؛ لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە فەرمان کراوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، کە سەربازەکانی قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنتەوە.
گوتوبووشی: لەو دوو سەربازگەیە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکیان کشاونەتەوە و تا چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو دوو سەربازگەیە بە تەواویی چۆڵ دەکرێن.