ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی کتوپر لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا کشانەوە

هێزەکانی سەربازییەکانی ئەمەریکا بەیانی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپر لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا کشانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند؛ لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە فەرمانکراوە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، کە سەربازەکانی قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنتەوە.
گوتیشی: بەیانی ئەمڕۆ لەو دوو سەربازگەیە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکیان کشاونەتەوە و تا چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو دوو سەربازگەیە بەتەواوی چۆڵ دەکرێت.
دەشڵێت: لە سەربازگەی عەین ئەسەد، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکی لێبووە و لەنێو سەربازگەی ڤیکتۆریاش لەنێو فرۆکەخانەی بەغدا ژمارەیەک سەربازی دیکەی لێیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو سەربازانەی کشاونەتەوە گواستراونەتەوە بۆ هەولێر.
ڕۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "حکوومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکوومییەکەیەوە لە ڕێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت."
عەلاوی گوتی: عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا گەیشتە ڕێککەوتنێک، دەربارەی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لە ساڵانی 2025 و 2026 دا. ئەم ڕێککەوتنەش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بارەگای شاندەکە لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، لە ئەیلولی 2025 کۆتایی پێ دەهێنێت، قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاریی و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەست پێ دەکات.
عەلاوی گوتیشی: ئەمە نیشانەی پابەندبوونی حکوومەتی عێراقە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەبارەت بە کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بەرەو پەیوەندیی دووقۆڵی و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پەیوەندییەکی ئاسایی؛ هەروا سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لەژێر چەتری ڕێککەوتنە ستراتیجییەکاندا، هەروەک چۆن بە پێی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا هەیە."
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەیلوولی 2026 کۆتاییان دێت.