هاوژینی كیم كارداشیان دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - واشنتن
له‌كاتێكدا، هه‌ردوو حیزبی گه‌وره‌ی ئه‌مەریكا: کۆمارییەکان و دیموکراتەکان ململانێکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کانیێی وێست، هونەرمەندی نێوداری ئەمەریکی و هاوژینی کیم کارداشیان، رایگەیاند خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەپاڵێوێت.

کانیێی وێست کە لەڕێگەی توویتەرەوە ئەو نیازەی خۆی ئاشکرا کرد، له‌ بواری گۆرانی و موسیقای راپدا كه‌سێكی ناسراوە، ناوبراو له رابردوودا به‌ ئاشكراو بێ سڵكردنه‌وه‌‌ لایه‌نگری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بوو و له‌ ده‌یان بۆنه‌دا ستایشی كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆشكی سپیش چاوی به‌ تره‌مپ كه‌وتووه‌.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌ چه‌ند بۆنه‌دا باسی له‌وه‌ كردبوو‌ به‌نیازه‌ خۆی بۆ به‌رزترین پۆستی وڵات بپاڵێوێت، لەوانەش کاتێک لە ساڵی 2015ـدا له‌ رێوڕه‌سمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی میوزیکی ئێم تی ڤی، نیازەکەی خۆی ئاشکرا کرد.

کانیێی وێست، هاوژینی ئەستێرەی نێوداری ئەمەریکی کیم کارداشیانیانه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ر لایه‌نگری تره‌مپ بوو‌.

تاوەکو ئێستا كیم كارداشیان و سه‌رۆكی كۆمپانیای ئۆتۆمۆبێلی كاره‌بایی تێسلا، پشتیوانی خۆیان بۆ كانیێی وێست ده‌ربڕیوه‌.

‌وێست زیاتر لە 20 جار خه‌ڵاتی جیهانیی لەبواری هونەر و میوزیک پێبەخشراوە. ئەو، لە ساڵی 1977 له‌ شاری ئاتلانتا له‌ ولایه‌تی جۆرجیا له‌دایكبووه‌ و ئێستا لەگەڵ هاوژینەکەی و چوار منداڵەکانیان لە ولایه‌تی كالیفۆرنیا ده‌ژین.

 

 

هـ.ر.