کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک شکستی هێنا

ھەندێك لە ئەندامان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانی کۆبوونەوە ئەنجامبدات و بۆ کاتێکی نادیار کۆبوونەوەکە دواخرا.

تەحسین کەهیە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ویستمان ئەمڕۆ لەسەر هەندێک پرسی تایبەت بە پارێزگای کەرکووک کۆببینەوە، بەڵام لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە شکستمان هێنا، چونكە ھەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن ئامادە نەبوون".

گوتیشی: "وەك ئەندامانی ئەنجوومەن، ھەڵدەستین بە ئامادەكردنی راپۆرتێك لەسەر ئەو پڕۆژانەی دەمانەوێت ئەنجامبدرێن".

ھاوكات سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك گوتی: "بڕیاربوو ئەمڕۆ 21 ئەندام بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا بكەن، بەڵام ھەموویان ئامادە نەبوون و رێژەیی یاسایی تەواو نەكرا".

ئاماژەی بەوەشدا: "بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پەسندی ئەو بڕە پارەیە بكرێت كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ كەركووك خەرج كراوە، كە تائێستا زیاتر لە 400 ملیار دینار گەیشتووە، بەڵام چونكە رەزامەندی لە ئەنجوومەن بۆ خەرجكردنی نییە ئیدارەی كەركووك ناتوانێ پارەكە خەرج بكات".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەنیازن راپۆرتێك بنووسن و واژۆی لەسەر بكەن و بیدەنە پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، بۆ بتوانێ پارەكە خەرج بكات".

ھ.م