کازمی، کۆدی پەیوەندیی ئەمریکا ئێران!؟

Kurd24

نووسەرێك لە پێگەی میدیایی مۆنیتەری ئەمریکییەوە بۆ پێگەیەکی بەرزی هەواڵگریی نیشتمانی عیراق و پاشان وەک نوخبەیەکی ئیستیخباراتی و وەرگرتنی متمانەی پەڕلەمانی و پێکهێنانی حکومەتێکی پڕ لە کێشە، کە پڕە لە کۆد و نهێنی نەزانراو و سەفەقاتی گەورە لە نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران و مەرجەعیەت، خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، کە ڕەنگە کورد وەك پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق ئاگاداری بەشێکی کەمی ئەم کۆدو کۆنتراکتە سیاسی و سەفەقات و وردەکاریانە بێت.

دواجار بینیمان پاش چاوەڕوانییەکی زۆر و بۆشاییەکی سیاسی گەورە و حکومەتێکی کاربەرێکەری دەسلەکارکێشاوەی لاواز و خواستی خۆپیشاندەران عادل عەبدولمه‌هدی حکومەتەکەی سپاردەی کازمی کرد، بە کورتی، هێنانە پێشەوەی کتوپڕیی مستەفا کازمی، بۆ داڕشتنەوەی نەخشەو دیزاین و دۆخی عێراقی دوای قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسە، دەبێ ئەو دوو مێژووە بەرچاو بگرین، بە ئامانجگرتنی قاسم و هاوڕێکانی کردەیەکی ئەمنی و ئیستیخباراتی ڕووت بوو، ئەمه‌ریکا بەبێ جیهازی ئیستیخباراتی عێراق هەرگیز بیریشی لێ نەدەکردەوە کە کازمی سەرۆکی ئەو دەزگایە بوو، هاوکات باڵێک لە ئیسلامی شیعی دژە حەشدو ئیسڵاحتەڵەبی ئێرانی و عێراقیش ئاگادار بوون و ئەپروڤیان کردبوو، بۆیە کازمی لە درزی ئەم گەمە و ململانێ تازەیە لەدایکدەبێت، ڕێک کۆدی نهێنی ئەمه‌ریکا و ئێران.

بۆیە ئەمه‌ریکا و ئێران و سەرکردەکانی عێراق و لەسەرووی هەمووشیانەوە مەرجەعیەتی نەجەف، بە فەرزو لەژێر جەبریی ناچارییەکی کوشندە بەبێ پرۆسەی هەڵبژاردن و بە تەوافوقاتی نهێنی و دوور لە نۆرمەڵایزی سیاسی و دەستاودەستی دەسەڵات، هێنایانە سەرشانۆ سیاسییەکە، کە ڕەنگە تەنها بۆ پۆشینی ناڕێکییەکان و کەڤەری قەیرانەکان نەبێت هێندەی بۆ هاوسەنگی هێزەکان بێت تا کاتی هەڵبژاردنی نوێ لە ئەمه‌ریکا و دواتر عێراق.

هێنانە پێشەوەی مستەفا، هیچ میدیا و کاراکتەرێکی نەجووڵاند بەتایبەتی ئەوانەی باسی دیموکراسی و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و مەنتیقی حوکمرانییەکی تەندروست و دوور لە دەستێوەردانیان دەکرد، بگرە هەندێکیان بە کوتلە پەرلەمانییە میانڕەوەکانیشەوە هەر زوو موبارەکەیان کرد بەبێ ئەوەی شارەزای ئەجێنداکەی بن.

مستەفا کازمی، وەک خۆی ئەو کەسایەتییە ئایدیا شیعی و لیبراڵمەزهەب و پاشخان ئەمه‌ریکی و ژۆرنالیستە کراوەیەی کە بە تەزکیەی مەرجەعیەت و لایتی زینۆنی ئەمریکییەکان، تونێلە تاریکەکەی ڕۆشنکردەوە بۆخۆی و پلیکانەکانی بڕی بۆ سەرەوەی هەڕەمەکە، بەڵام هەرەمێک تەنها بەرزیی و لووتکەیەکی هەستبزوێن نییە، بەڵکو تەژییە لە ئاریش و کێشەی قوڵی سیاسی و ئابووریی و مەزهەبیی و قەرزی بانکی و سیاسەتێکی شێواوی دەرەکی کە راستکردنەوەی ئاسان نابێت بۆ کازمی و تیمەکەی، کەواتە یان ئەمریکا پاڵپشتی توندی دەکات یان بەنجێکی کاتییە بۆ عێراقییەکان و نابێ هێندە هیوای پێوە ببەسترێت.

دۆسیەکانی وەک دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و دۆسیەی هەناردەی نەوت و سامانی سرووشتی و ئەو قەرزە زۆرانەی لەسەر عێراق کەڵەکە بووە و گەندەڵی بەرپرسان و پرسی حەشدی شیعی و میلیشیاکانی ئێران کە وەك حکومەتی سێبەر کاردەکەن و هادی عامریی سەرۆک وەزیرانیانە و چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزاری پارێزگاکانی خوارووی عێراق و ئینجا بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و ماددە دەستورییەکان و پرسی کەرکوك و ئازادی سیاسی بەشێکن لەو کێشە و دۆسیە کراوانەی هەڕەشەیەکی حازر بەدەستن لە کازمی و تیمەکەی؟

کەواتە ئایا کازمی عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوەو مۆدێلێك لە حوکمی ڕاقی دەبات، یان بەرەو حوکمڕانییەکی پۆلیسی و ئیستیخباراتی؟

دیارە ئەم دوو ڕوانگەیە، هەردووکی ئەگەرێکی لەپێشن کازمی دەستیان بۆ بەرێت، یەکەمیان حوکمی رەشی دو ڕاقی و مۆدێلێك لە کرانەوەی زیاترو شەفافیەت و ئازادی و کورتکردنەوەی دەستی گەندەڵکاران و کۆتاییهاتنی فەوزای سوپا و میلیشیاکانی حەشد قورسترین کارێکە بۆ کازمی و هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت، چونکە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەری دووەم چانسی زیاترە بۆ ئەوەی کازمی تاقی بکاتەوە بەو حوکمەی خۆی پێشتر دەرچووی ئەو دەزگا ئەمنی و ئیستیخباراتیانە بووە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بووە و پشگیریکاری سەربازی و ئەمنی زۆرە و مەرجەعیەتیش زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە عێراق بۆ ئەو بازنەیە بەرن تاوەکو بتوانن وەك سێبەری ئێران بمێننەوە و خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن و کۆتایی بەو کەمە ئازادییە سیاسیی و هیومانیەتە بهێنن.

بۆیە دیزاینی دۆخی ئاییندەی عێراقی دوای عادل عەبدولمەهدی و خامۆشکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، وەک ئەرك سپاردوویانە بە کازمی گەرچی ئەوەندە ئاسان نابێ، چونکە ئەو کاندیدی تەواوی عێراقییەکان نییەو فاکت و قۆناغەکە خستییە کەناراوەکانی دیجلە و کۆشکی سەرۆکایەتی، بۆیە ناتوانێ پیاوی ئەرک و پرۆژە سەختەکان بێت، بەڵام دەتوانێت پیاوی کۆدە نهێنییەکان و رێکخەریی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و ئێران بێت، ئەوەش ڕوونە کە کازمی کار بۆ ئەوە دەکات بە تۆپزیی دەستی هەندێک ئیسلامحەشدی ئێرانی و نزیك لە میلیشیا چەکدارەکان کورت بکاتەوە لە ئاییندەی حوکمڕانی عێراق بە هێز و پاوەریی ئەمنی و ئیستیخباراتی.