
کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
خوێندكاره پارێزگاره‌كانى تاران دژى رێككه‌وتنى ناووكى وڵاته‌كه‌يانن
ده‌يان خوێندكارى سه‌ر به ره‌وتى پارێزگاره‌كانى ئێران دژى واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ناووكى وڵاته‌كه‌يان له‌گه‌ڵ گرووپى پێنج كۆ يه‌ك، خۆپيشاندانيان ئه‌نجامدا.

K24 – هه‌ولێر
ده‌يان خوێندكارى سه‌ر به ره‌وتى پارێزگاره‌كانى ئێران دژى واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ناووكى وڵاته‌كه‌يان له‌گه‌ڵ گرووپى پێنج كۆ يه‌ك، خۆپيشاندانيان ئه‌نجامدا.
كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنى ئێران بڵاويانكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (25.8.2015) له شارى تارانى پايته‌ختى ئێران، ده‌يان خوێندكارى سه‌ر به به‌ره‌ى پارێزگاران، ناڕه‌زايه‌تييان ده‌ربڕى.
له خۆپيشاندانهكهدا، خوێندكاران درووشمه‌كانى دژ به رێككه‌وتننامه‌ى ناووكى وڵاته‌كه‌يان له‌سه‌ر پانكارت و لافيته به‌رزكردبوويه‌وه و داوايان ده‌كرد، ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌ڵوه‌شێندرێته‌وه.
رێككه‌وتنى ناووكى نێوان ئێران و گرووپى پێنج كۆ يه‌ك (رووسيا، فه‌ره‌نسا، به‌ريتانيا، چين و ئه‌مه‌ريكا+ئه‌ڵمانيا)، رۆژى 14ى ته‌مموزى 2015، له شارى برۆكسلى پايته‌ختى به‌لژيكا واژووى له‌سه‌ر كرا.
به گوێره‌ى رێككه‌وتننامه‌كه، كه هه‌ريه‌ك له ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نى شوراى كۆمارى ئيسلامى په‌سندى كردووه؛ ئێران ده‌ستبه‌ردارى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ى ناووكى ده‌بێت له به‌رامبه‌ر لابردنى گه‌مارۆكان له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته.
خوێندكاره ئێرانييه‌كان پێيان وايه، ئه‌و رێككهوتننامهيه هاوشێوه‌ى "ئه‌سپى تهروادهيه" و ئه‌مه‌ريكا له رێگه‌يه‌وه ده‌يه‌وێت دزه بكاته ناو ئێرانه‌وه.
له چه‌ند رۆژى رابردووش‌دا، رابه‌رى شۆڕشى ئيسلامى ئێران، ئايه‌توڵڵا عه‌لى خامهنهئى، رايگه‌ياند، وڵاته‌كه‌ى رێگه نادات، ئه‌مه‌ريكا ئه‌و رێككهوتننامهيه بۆ دزه‌كردنه ناو ئێران به‌كاربهێنێت.
رێككه‌وتنى ناووكى نێوان ئێران و وڵاتانى پێنج كۆ يه‌ك دواى 12 ساڵ له دانووستانى به‌رده‌وامى نێوان شاندى دانووستانكارى ههردوولاهات.
پێش واژووكردنى رێككه‌وتننامه‌كه، هه‌ريه‌كه له كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا و په‌رله‌مانى ئێران هۆشدارييان دابووه، نوێنه‌رانى وڵاته‌كانيان به‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه واژوو نه‌كه‌ن.
ئيسرائيل و وڵاتانى عه‌ره‌بستان، كوه‌يت، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ين و ميسر نيگه‌رانى خۆيان له باره‌ى واژووكردنى ئه‌و رێككهوتننامهيه نه‌شاردووه‌ته‌وه.
حكومه‌تى ئه‌مه‌ريكا له راگه‌يه‌ندراوه فهرمييهكانييدا وڵاته هاوپه‌يمانه‌كانى خۆى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دڵنيا كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و رێككهوتننامهيه نابێته مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسايش و ئارامى هه‌رێمايه‌تى له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا.
سه‌رچاوه: فرانس 24