کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
خۆپیشاندانهكانی عێراق له ههڵكشاندایه
شاری بهغدا كهوتووهته نێوان چاكسازییهكانی سهرۆك وهزیرانی عێراق و خۆپیشاندانی باشكردنی خزمهتگوزاری
K24- هەولێر
شاری بهغدا كهوتووهته نێوان چاكسازییهكانی سهرۆك وهزیرانی عێراق و خۆپیشاندانی باشكردنی خزمهتگوزاری لهلایهن هاووڵاتیانهوه.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە خۆپیشاندانەکانی مەیدانی ئازادی بەغدا و بەشێک لەشارەکانی دیکەی عێراق بۆ چاکسازی و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری بەردەوامە. دوێنێش ههینی (28.8.2015) بە دەیان ھەزار كەس لە مەیدانی تەحریر رژانەوە سەر شەقامەکان و درێژەیان بەو خۆپیشاندانە دا کە ماوەی چەند ھەفتەیەکە بۆ پشتیوانیکردن لە چاکسازییەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستیان پێ کردووە.
خۆپیشاندانەکان لەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەی عیراق پشتیوانیی لێ دەکرێت کە داوای لە سەرۆک وەزیران کردبوو زیاتر بوێری بەرانبەر بنبڕکردنی گەندەڵی بنوێنێت.
ههر له خۆپیشاندانهكانی ڕۆژی ھەینی، لایەنگرانی رەوتی سەدر، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتەکە، چوونە ناو خۆپیشاندەران و لە گۆڕەپانی "تەحریر"ی ناوەڕاستی بەغدا، پایتەختی عێراق چەندان دروشمی جیاوازیان بهرز كردهوه.
لایەنگرانی رەوتی سەدر بەوە جیادەکرانەوە کە جلی رەشیان پۆشیبوو، لەو دروشمانەش کە بەرزیان کردبووەوە: "بای بای مالیکی"، لەگەڵ چەندان دروشمی دیکەی دژ بە ئەمهریکا و نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە ئێسته بە نیازە لە رێی پەرلەمانەوە جارێکی دی بخزێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت، ئەمەش دوای ھەڵوەشاندنەوەی پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆککۆمار لەلایەن عەبادییەوە.
جگە لە بەغداد، لەشارەکانی بابل، کوت، عەمارە، بەعقووبە و چەند شارێکی دیکەش بەھەمان مەبەست خۆپیشاندان ئەنجام دراوە و داوای ھەرچی زووتری باشترکردنی گوزەرانی ھاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکەن.
بە بۆچوونی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاندنی چاکسازییەکانی عەبادی لە چەند ھەفتەی ڕابردوو جگە لەوەڵامدەرەوەی خۆپیشاندانەکان چەند مەبەستێکی دیكهی ھەیە، وەک دەگووترێت: "عەبادی بیر لە حکوومهتی زۆرینە دەکاتەوە و دەیەوێت پێگەی کورد و سوننەکان کەم بکاتەوە".
بە گوتەی سیاسییەکان، عێراق لە ڕووی ئابووریەوە شکستی ھێناوە و نرخی نەوتیش دابەزیوە، ھەروەھا ھیچ داھاتێکیش نییە بۆ ئەوەی بودجە و مووچە و پێداویستییەکانی پێ جێبەجێ بکرێت، جگە لەوەش، شەڕی داعش ئەرکێکی گەورەی خستووەتە سەر عێراق، ئەوەش وڵاتهكهی بەرەو شکستێکی گەورە بردووه.
تاکوو ئێستا ھیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ئاشکرا، بەرەنگاری ھەنگاوەکانی عەبادی ببێتەوە و ھەموویان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو بریارانە دوپاتکردوەتەوە، بەڵام لەناو کۆبوونەوەکانی خۆیاندا بە بەردەوامی کێشەیان ھەیە، کەسیان نازانن چارەنووسیان بەو بریارانەی عەبادی چی بەسەر دێت.