کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
شه‌ڕى داعش و به‌رهه‌ڵستكاران گه‌يشته نزيك ديمه‌شق
شه‌ڕى نێوان چه‌كدارانى سه‌ر به رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) و گرووپ و رێكخراوه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا له ناوچه‌كانى باشوورى ديمه‌شق، به‌رده‌وامه.
K24 – هه‌ولێر
شه‌ڕى نێوان چه‌كدارانى سه‌ر به رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش) و گرووپ و رێكخراوه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى سووريا له ناوچه‌كانى باشوورى ديمه‌شق، به‌رده‌وامه.
رامى عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، رايگه‌ياند، پێكدادانه‌كان له گه‌ڕه‌كه‌كانى باشوورى ديمه‌شق به‌رده‌وامه و چه‌كدارانى داعش ناوچه‌ى نوێيان له ژێر كۆنترۆڵى هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان ده‌رهێناوه.
گوتيشى: "ئه‌و خاڵه نزيكترين خاڵه له سه‌نته‌رى پايته‌ختى سوورياوه".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، له ئاكانى ئه‌و پێكدادانانه‌دا 15 كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون و دانيشتوانى ناوچه‌كه ناچار بوون، ماڵ و حاڵى خۆيان بهجێبهێڵن.
له ته‌مموزى 2014ه‌وه، چه‌كدارانى داعش ده‌ستيان به‌سه‌ر ناوچه‌ى "حه‌جه‌رولئه‌سوه‌د" دا گرتووه و له‌وێوه ده‌يانه‌وێت پێشڕه‌وى بكه‌ن.
پێشتريش چه‌كدارانى داعش هه‌وڵياندابوو، له‌وێوه هه‌ڵبكوتنه سه‌ر خێوه‌تگه‌ى يه‌رموكى تايبه‌ت به ئاواره‌كانى فه‌له‌ستين و له نيسانى رابردوودا شه‌ڕ و پێكدادان گه‌يشته ده‌روازه‌كانى خێوه‌تگه‌كه.
له ئازارى 2011دا شه‌ڕى چه‌كدارى له سووريا سه‌ريهه‌ڵداوه و به گوێره‌ى ئامارى رێكخراوه نێودهوڵهتييهكان له‌و كاته‌وه تا ئێستا 240 هه‌زار كه‌س كوژراوون.