كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌كان: ده‌بێ دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ نه‌فه‌سی ته‌حه‌دداكردنی یه‌كتری

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سكرتێر و نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان

كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌كان: ده‌بێ دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ نه‌فه‌سی ته‌حه‌دداكردنی یه‌كتری
كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و لایه‌نه‌كان: ده‌بێ دوور بكه‌وینه‌وه‌ له‌ نه‌فه‌سی ته‌حه‌دداكردنی یه‌كتری

K24- هەولێر
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سكرتێر و نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڕیار درا كه‌ هه‌موو لایه‌ك دوور بكەونەوە لە نەفەسی تەحەددا و یەكترشكاندن و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان.

 

دوێنێ سێشه‌ممه‌ (1.9.2015) لە هاوینه‌هه‌واری پیرمام (سەلاحەدین) مەسعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سكرتێر و نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە و تێیدا مەترسی و هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و قەیرانی سیاسیی ناوخۆ و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی دەركەوتن و قووڵتربوونی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ دەرچوون لەم قۆناغە خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ گفتوگۆدان له‌ ناوخۆی خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حه‌وته‌م كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (5.9.2015) ئه‌نجام ده‌درێت، له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی و پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، بگه‌ن به‌ سازان.
له‌ماوه‌ی شه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی ڕابردووی نێوان پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ته‌نیا له‌سه‌ر 13 خاڵ گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی بڕیاربوو ته‌واوی خاڵه‌كانی دیكه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی شه‌شه‌م كۆتایی پێ بهێنن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ ئه‌نجامێك، چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوون.


به‌ پێی ئه‌و بڵاوكراوه‌یه‌ی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی بارزانی له‌گه‌ڵ سكرتێر و نوێنه‌ری ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداربوون، جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە كراوه‌ته‌وه‌:
یەكەم: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشە و دەرفەتانەی كە لە ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستاندا هەن پێویستە پەلە لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی نیشتیمانی و گونجاو بكرێت.
دووەم: لەم قۆناغەدا هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتیی مێژووییان لەسەر شانە و پێویستە بە پشت بەستن بە بنەمای سازان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمان و داخوازییەكانی خەڵك و دووركەوتنەوە لە نەفەسی تەحەدا و یەكترشكاندن و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان، كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لێكنزیككەوتنەوە بكەن و لەوەیشدا نابێ بە هیچ شێوەیەك هەوڵی پەراوێزخستنی پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان بدرێت.
سێیەم: بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە و چارەسەرنەكردنی و، هەروەها پێكۆڵی لایەنەكان لەسەر هەڵوێستەكانیان لە خزمەتی بەرژەوەندی و سازانی نیشتیمانیدا نییە و زیان لە دەسكەوت و داهاتوو و ئاواتەكانی گەلی كوردستان.
چوارەم: هەموو حزب و لایەن و هاووڵاتییەك ئازادە لە دەربڕینی ڕای خۆی لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی وڵات و، چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی هەڵوێستی سیاسی، خەڵك و پێكهاتە ڕەسەنەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی تەخوین بكرێن یان كار بۆ دەستەمۆكردن و پەراوێزخستنیان و كەمكردنەوەی مافەكانیان بكرێت.
پێنجەم: بۆ ئەوەی پارلەمانی كوردستان بە باشی بتوانێ ڕۆڵی لە چارەسەركردنی پرسە چارەنووسازەكاندا هەبێ و بڕیارەكان لەژێر سەقفی پارلەمان بدرێن پێویستە لە خولەكانی داهاتوودا حزبەكان كادرە باڵا و بڕیاربەدەستەكانیان بنێرنە پارلەمان.
شەشەم: بەردەوامیی ئەم قەیرانە و كاركردن بۆ دروستبوونی بۆشایی و پەكخستنی سازان و كۆبوونەوەكان و گرژی و شەڕی ئیعلامی زیان بە پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەینێت و پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانی بەرز نرخاند و بە پێویستیش زانرا كە هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵك و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان چڕتر بكرێتەوە.

 

ساڵی 2005، مه‌سعوود بارزانی، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كوو یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵبژێردرا و له‌ ساڵی 2009 به ده‌نگی خه‌ڵك متمانه‌ى پێبه‌خشرا.

له‌و كاته‌دا هه‌ندێ لایه‌ن داوایان ده‌كرد بارزانی دوای ته‌واوبوونی خولی دووه‌م، له‌ پۆسته‌كه‌ی لابچێت، به‌ڵام له‌ ساڵی 2013 بەپێی داوایەکی پەرلەمانتارانی ئەو خولە کە لە 30ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرزکرابووەوە، داواکرابوو مەسعوود بارزانی دوو ساڵی دیكه‌ لە سەرۆکایەتی هەرێم بمێنێتەوە.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نى شوراى هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه‌، بارزانى له‌ پۆسته‌كه‌یدا تا دوو ساڵی دیكه‌ بمێنێته‌وه‌.
به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسى سه‌رۆكایه‌تى، سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، پێنج لایه‌نه‌كه (پارتى، گۆڕان، یه‌كێتى، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) و ته‌واوی لایه‌نه‌كانی له‌ په‌ره‌له‌مان ئه‌ندامێتیان هه‌یه‌، له‌ هۆڵى سه‌عد عه‌بدوڵڵادا كۆده‌بنه‌وه‌.