بارزانى: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راى خه‌ڵك باشترين بژارده‌يه‌

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، ئەگەر لايه‌نه‌كان نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسى سه‌رۆكايه‌تى، ئەوا؛ گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە.

بارزانى: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راى خه‌ڵك باشترين بژارده‌يه‌
بارزانى: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راى خه‌ڵك باشترين بژارده‌يه‌

 K24 – هه‌ولێر

مه‌سعوود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، ئەگەر لايه‌نه‌كان نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسى سه‌رۆكايه‌تى، ئەوا؛ گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە.

ئەمڕۆ شەممە (5.9.2015) لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان كۆبیس، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاند کە زۆر سوپاسگوزاریی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییانەیە کە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە و هەرکاتێک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە هەست بەو هاوبەشییە جیدییە دەکەن کە لەسەر پرسەکان لەنێوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پوخته‌يه‌كى له‌ باره‌ى ره‌وشى هه‌رێم خسته‌ڕوو و رايگه‌ياند، ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان روو دەدات بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە ڕۆڵیان هەبێت.

روونيشيكرده‌وه‌، ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو ئەوا گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، کە ئەم کێشەیە کاریگەریی سلبی نەکردۆتە سەر سەنگەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرجەم هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان زۆر بە دڵسۆزی خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیانن.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی خراونەته‌ بەرباس.

له‌و باره‌يه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم رايگه‌ياند، ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەپێناو چەسپاندنی دەستوور و شەراکەتی راستەقینە و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت ئەوا؛ هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ پشتگوێ خستنی دەستوور و پەراوێزخستنی لایەنەکان بەتایبەتی گەلی کوردستان بێت و ئامانجیان پیادەکردنی حوکمێکی تاکڕەوانە بێت ئەوا ڕەتی دەکەینەوە.

بارزانى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق شەراکەتی ڕاستەقینە و بەشدارییکردنی هەموو پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستوورە.