توركيا "ئيبراهيم خه‌ليل" داده‌خات

به‌ هۆى درووستبوونى شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (PKK) و سوپاى توركيا، سوپاى ئه‌و وڵاته‌ بڕياريدا، ده‌روازه‌ى سنوورى "ئيبراهيم خه‌ليل" دابخات.

توركيا "ئيبراهيم خه‌ليل" داده‌خات
توركيا "ئيبراهيم خه‌ليل" داده‌خات

 K24 – هه‌ولێر

به‌ هۆى درووستبوونى شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (PKK) و سوپاى توركيا، سوپاى ئه‌و وڵاته‌ بڕياريدا، ده‌روازه‌ى سنوورى "ئيبراهيم خه‌ليل" دابخات.

ده‌روازه‌ى سنوورى ئيبراهيم خه‌ليل، به‌ شاڕێى سه‌ره‌كى بازرگانى و ئابوورى نێوان توركيا و عێراق به‌ گشتيى و هه‌رێمى كوردستان به‌ تايبه‌تى داده‌نرێت.

شه‌ڕوپێكدادانى چه‌كدارى نێوان هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ و سووپاى توركيا له‌ چه‌ند ناوچه‌يه‌كى باكوورى كوردستان به‌ شێوه‌ى پچڕ پچڕ به‌رده‌وامى هه‌يه‌.

سه‌رچاوه‌يه‌ك له‌ حكومه‌تى توركيا ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه‌، دوو كارمه‌ندى ئه‌منى توركيا كوژراوون و 3 كارمه‌ندى ديكه‌يان بريندار بوون، له‌ ئاكامى پێكدادانى نێوان هه‌ردوولادا له‌ شارى ئامادى گه‌وره‌ شارى كوردى باكوورى كوردستان.

له‌ نزيك شوراى شاره‌كه‌، شه‌ڕ و پێكدادانى چه‌كدارى له‌ نێوان هه‌ردوولادا هاته‌ ئاراوه‌ و سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ له‌ توركياوه‌ باس له‌ هه‌بوونى زيانى گيانى و ماڵى له‌ ريزى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى توركيا ده‌كه‌ن. لايه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانيش قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆيان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌يه‌كى شاره‌كه‌دا سه‌پاندووه‌.

له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى رابردوودا، سوپاى توركيا هه‌ڵمه‌تێكى سه‌ربازى دژ به‌ نه‌ياره‌كانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى توركيا، به‌ تايبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌ و به‌ كرده‌وه‌ش چووه‌ته‌ ريزى وڵاتانى هاوپه‌يمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش.